کادێنزا




"سەید حوسەین نەسر"، ساڵانێکی درێژ لەڕێگای پێگە ئاکادیمی و مەعریفییەکەیەوە خزمەتی بە ئایین و حیکمەت کردووە. هەڵگری سێ بڕوانامەی دکتۆرا و خاوەنی نزیکەی بیست دکتۆرای فەخری، ئەم فەیلەسوفە قوڵ و بەڕێزە کە خاوەنی نزیکەی شەست کتێبی نووسراوە و زۆربەی هەرە زۆریان بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئیتاڵی و ئیسپانی و تورکی و فارسی و عەرەبی و هیندی و زۆرێکی تری زمانە زیندووەکانی دونیا دەست دەکەون، جگە لەوەی چەندین کتێب و وتار و توێژینەوەی بە زمانە جیاوازەکان لەسەر نووسراوە. لێرەدا پێم خۆش بوو دوان لە شیعرەکانی کۆمەڵە شیعری " poems of the way"وەربگێڕم.





کادێنزا٭

لە چرکەساتێکدا، چرکەساتێک پێش هەموو چرکەساتەکان
لە سپێدەی بەر لە وەدیھاتنیی جیهاندا،
چرکەساتێک کەتێیدا گەواهیمان بۆ جەلالەتی ئەو دا
بینینی تەڵعەتی ئەو، ژنەفتنی فەرمانەکانیی،
دەربڕینی ئەو بەڵێیەی کە بۆ ئەبەد لە ناوەوەڕا زایەڵە دەکات
ئاوازیی مۆسیقای پیرۆزمان گوێ لێ بوو.
لەم جیهانە نزمەدا
لێرە و لەوێ
گوێبیستی ئەو مۆسیقایە دەبمەوە،
لە ژەنینی عود و گیتاردا،
لە لێدانی سیتار و زینگڵی گامیلان دا،
لە ئاوازی دڵرفێنی ئەو ڕەبەنانەدا
کە بە خاتری یەکتایی جەلالەتی ئەو گۆرانیی دەچڕن،
لە دەنگی کێشداری ئەو دەهۆڵانەدا
کە لە دارستانە سەوزەکانەوە سەرچاوە دەگرن،
لە دەنگی نای ئەو شوانانەدا کە بەسەر گردەکاندا دەشنێتەوە،
لە هەموو ئەو دەنگانەدا کە بۆ ئەوینی ئەو گۆرانی دەچڕن.
گەواهیدان بۆ حەقیقەتی بونی ئەو
زایەڵەی ئاوازی ئەو مۆسیقا پیرۆزە
دەنگدانەوەی هەزارەها بەدیھێنراو
کە هیچ نین جگە لە ڕەنگدانەوەی تەجەلای ئەو
لێگەڕێ با لەو نەشئەیەدا تەنها بمێنمەوە
تا لە ڕوونترینی دەنگەکاندا
جارێکی دی گوێبیستی ئاوازی ئەو مۆسیقا پیرۆزە ببمەوە
کە لە چاوپێکەوتنی ئەو زاتەدا بیستم
لە ساتی پێش خەلیقەتی نەمردا
ساتێک کە ئێستا و بۆ هەمیشەش نەمر  دەبێت
٭٭٭٭٭
پایز

هەر لەو چرکەساتەی دێینە ئەم دونیایەوە
گەشتەکەمان بەرەو ئەو سەرچاوەیەی کە لێوەی هاتوین،
دەست پێ دەکات
ژیانی ئێمە ئامادەکاریەکە بۆ ئەو گەڕانەوەیە،
گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی کە هەموو شتێک لەوێوە دەستی پێکرد
لێدانەوەی بەردەوامی ڕیتمەکانی سروشت ئەم ڕاستییە ئاشکرا دەکات
لە ڕێی وەبوونهاتن و مەرگەوە
بەهار و پایزی ژیانی ڕووەک و گژوگیامان بیردەهێنێتەوە
لە سوڕیی مەزنی بوونە زەمینیەکەمان
کە ئۆمێگا*کەی گەڕانەوەیە بۆ ئەلفی هەموو شتێک.
لەگەڵ شنەی پایزدا، درەختەکان ڕەنگیان دەگۆڕێت
دارستانەکان دەبنە پەلکەزێڕینەی بۆیە بریسکاوەکان
زەرد، مۆر، سور، لەگەڵ ڕەنگی سەوز
لە شکۆمەندییەکی ئەندازەییدا،
دەئاڵۆزێنە ئەودیوی پۆشاکەکانمانەوە
سروشت شکۆدارترین بەرگ دەپۆشێت
تاکو سەمفۆنیایەک بێتە کایەوە لە فۆرمی جوانییە ناکۆتاکاندا
تا بەر لە پاشای پایەدار شایستەی هەبوون بێت
پاشایەک کە هەموو شت بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.
گەڕانەوەیەک لە چەشنی کاڵبونەوەی ڕەنگەکان،
لە چەشنی بۆیەکان کاتێک لەنێودەچن و دوای لەنێوچوونیان
بێڕەنگییەکی شکۆمەندانە دێتە بوون
هێشتاش هەموو ڕەنگەکان،
مەرگێکیان لەخۆگرتووە کە لە هەمان کاتدا ژیانێکی نوێیە.
عاریف لەم جیهانە گۆڕاوەدا بە ردەوام بە ئاگاییەوە بۆ ئەوگەڕانەوەیە دەژیەت،
ئەو گەڕانەوەیەی کە سەرچاوەی ژیانیی ڕاستەقینەیە
ئەو لە شکۆمەندیی پایزدا، ئەو گەڕانەوەیە دەبینێت کە پەرۆشیەتی،
کە بۆ ئەو بەهاری ژیانی ئاسمانییە
گەر بەهار بنچینەی ژیانی خوارەوە بێت،
پایز بەهاریی ژینی ئەبەدییە
ژینێک کە عاریف بۆ گەڕانەوە بۆی، لەم سەرزەمینەدا دەژیەت

بۆیە بۆ ئەو، پایز بەهاری ژیانی پیرۆزە
بانگی گەڕانەوە دەکات بۆ ژیانێک کە هەرگیز کۆتایی بۆ نییە


سەید حوسێن نەسر
وەرگێڕانی لە ئنگلیزیەوە: ڤیەننا سەلام

کادێنزا، بە واتای ڕیتم، ئاواز، ئیقاع، یوخود دوائاھەنگ دێت
ئۆمێگا، دوا پیتی ئەلف و بێی یۆنانییە

Comments