"گۆڕانێک لە ڕووناکییدا" ی ڕۆزمێری واتۆڵا ترۆمەر






ڕۆزمێری واتۆڵا ترۆمەر شاعیرێکی ئەمریکییە و لە ئێستادا لە پلاسەرڤێڵ لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەژی. خاوەنی دوانزە کۆمەڵە شیعرە و شیعرەکانی لە بڵاوکراوەکانی وەکو O Magazine و A Prairie  Home Companion دا بڵاوبوونەتەوە. خاوەنی وێبسایتێکە بە ناوی Word  و  Woman کە لێرەدا لینکەکەی دادەنێم. https://www.wordwoman.com/

گۆڕانێک لە ڕووناکییدا
ڕۆزمێری واتۆڵا ترۆمەر
لە ئنگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

لە ئێستادا کە مانگەشەو لە پشتی هەورەکانەوە
خۆی حەشارداوە،
لە ئێستادا کە باران لە ناوەڕاستی زستاندا دادەکات،
ئێستاکێ کە پێیان گووتوین
لە ترسی نەخۆشی گرتن و بڵاوبوونەوەیدا
باوەش و ماچی یەکدی نەکەین
بەڵێ ئێستا کاتی ئەوەیە هەرچەندێک
ڕووناکیی شاردراوەی ناخمان هەیە
 بیدۆزینەوە
هەرچی درەوشانەوەشە کە تا ئێستا توانیومانە لە یەکدی و
لە خۆمانی بشارینەوەو
ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو ڕۆشنکەرەوەیە بهێنینە پێش و
بێ بەرامبەر پێشکەشی جیهانی بکەین،
لە ئێستادا کە ڕوناکی لە هەر شتێکی دی گرنگترە.




Comments