"لاوێتییە ونبووەکەم"ی هێنری ۆدسۆرس لۆنگفیڵۆ



هێنری ۆدسۆرس لۆنگفیڵۆ(١٨٠٧-١٨٨٢) کە یەکێک بوو لە خۆشەویسترین و ناودارترین شاعیرانی ئەمریکی سەدەی نۆزدەهەم لە ٢٧ی فەبرایەری ساڵی ١٨٠٧ لە پۆرتلاند لەدایکبووە. لە شیعری "لاوێتییە ونبووەکەم"  دا کە لە ساڵی ١٨٥٦ دا نووسراوە بە وردەکارییەوە لە شێوازی گەورەبوونی لەو شارۆچکەیەی تێیدا لەدایکبوو، دەدوێت.


لاوێتییە ونبووەکەم
هێنری رۆردسۆرس
لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

زۆرجار بیر لەو شارۆچکە قەشەنگە دەکەمەوە
کە بە تەنیشت دەریاوە ڕاکشاوە.
زۆرجار شەقامە شادیبەخشەکانی ئەو شارۆچکە کۆن و ئازیزە
لە بیرمدا هەڵدەکشێن و دادەکشێن و
لاوێتیم بۆ دەگەڕێتەوە.
دێڕە شیعری گۆرانییەکی لاپلاندییش*
هێشتا یادگەم بەسەردەکاتەوە:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

دەتوانم هێڵی سێبەری درەختەکانی ببینم و
لە درەوشانەوەی لەناکاودا
بریسکەی دەریا دوورەکانی دەوروبەر و
ئەو دوورگانە ببینم کە هەسپەردیسی*
هەموو خەونە کوڕیژگەییەکانم بوون.
باری قورسی ئەو گۆرانییە کۆنەش
هێشتا دەبڵمێنێت و دەچرپێنێت:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

شۆستە ڕەشەکانی بەندەر و خزانەکانم بەبیردێنەوە
تەوژمی دەریا کە ئازادانە بەملاولادا دەهاتن
کەشتیوانە ئیسپانییەکان و لێوە بە موو داپۆشراوەکانیان
جوانی و تەمومژاویی کەشتییەکان و
ئەفسوونی دەریا خۆی
دەنگی ئەو گۆرانییە سەرکێشەش
کە هێشتا دەخوێنێت و دەڵێت:
 "ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

لێواری پێشەوەی کەشتییەکانم دێنەوە یاد لە ڕۆخەکەدا
قەڵای سەر گردەکانیش
تەقەی ئاماژە بە هەڵهاتنی هەتاو بە نەڕە بۆشەکەیەوە
دەنگی دەهۆڵ کە دووبارە و دووبارە دەبۆوە
کەڕەنا بە دەنگە کێوی و بەرزەکەیەوە.
مۆسیقای ئەو گۆرانییە کۆنەش
هێشتا لە یادەوەریمدا لێدەدرێتەوە:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

شەڕەکانی دەریا لە دوورەوە
کە چۆن بروسکەی دەدا بەسەر تەوژمەکەدا!
ئەو کاپتنانەش کە دوای ئەوەی لە  جەنگدا کوژرابوون،
 لە گۆڕەکانیاندا بەسەر کەنداوە هێمنەکەوە ڕاکشابوون.
دەنگی ئەو گۆرانییە شیوەنئامێزەش
بە هەژانێکەوە بە نێومدا تێدەپەڕێت:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

دەتوانم گومەزی شنەداری بێستانەکان چاولێکەم
سێبەری درەختەکانی دییرینگیش
هاوڕێیەتییە کۆنەکان و ئەوینە پێشوەختەکان
بە دەنگی ساباسیانەوە* دەگەڕێنەوە لام
هەروەکو دەنگی کۆتر لە گەڕەکێکی کپ و خامۆشدا.
دێڕی ئەو گۆرانییە کۆن و شیرینە
هێشتا دەپرتێنێ و دەبڵمێنێ:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

درەوشانەوە و تاریکی ئەو هەڵپەیەم بیرە
کە بە مێشکی کوڕێکی خوێندکاردا دێ و دەچێ
ئەو گۆرانی و بێدەنگییەی نێو دڵی
کە بەشێکی پەیامبەرانەیە و بەشێکیشی
پەرۆشیی کێویانە و پڕشانازییە.
سەدای ئەو گۆرانییە پچڕپچڕەش
هەر دەخوێنێت و هیچ  کات دانامرکێتەوە:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

شتانێک هەن کە ڕەنگە لێیان نەدوێم؛
خەونگەلێک هەن کە نامرن؛
بیرگەلی وا هەن کە دڵی بەهێز لاواز دەکەن
ڕوومەتەکان زەردهەڵدەگەڕێنن و
تەم دەخەنە بەردەمی چاوەکان.
ووشەکانی ئەو گۆرانییە کوشندەیەش
هەروەکو مچوڕکەیەک بە گیانمدا دێن:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

شێوەگەلێک کە ئێستا بەریان دەکەوم
لە سەردانی شارۆچکە کۆن و ئازیزەکەدا
 بۆم نائاشنان؛
بەڵام بایە خۆماڵییەکەی بێگەرد و شیرینە و
ئەو درەختانەی سێبەریان بۆ هەریەک لە شەقامە ناسراوەکان
کردووە،
لە ئەملا و ئەولا چوونیاندا
ئەو گۆرانییە جوانە دەڵێنەوە
هەناسەهەڵدەکێشن و دەچرپێنن:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

درەختەکانی دییرینگ نوێبۆوە و دڵگیرن
بە شادییەک کە زۆر لە ئازار دەچێت
دڵم دەگەڕێتەوە و لەوێدا دەگەڕێ
لە نێو خەونی ڕۆژانێکدا کە بوون،
لاوێتییە ونبووەکەم دەدۆزمەوە.
هەروەها ئەو گۆرانیە جوان و سەیرەش
کە بێستانەکان هێشتا دەیڵێنەوە:
"ویستی کوڕێک چوون ویستی بایە،
بیری گەنجێتییش بیرگەلی درێژ درێژن."

***

*لاپلاند: هەرێمێکە کە بە باکوری فینۆسکەندەنافیادا بڵاودەبێتەوە(بەشێک لە هەریەک لە سوید، فنلەندا، نەرویج و ڕووسیا).
*ئەسپەردیس: لە ئەفسانەی یۆنانیدا کچە باغەوانێکە کە سەرپەرشتی میوەگرتنی باغێک دەکات کە درەختەکانی سێوی زێڕین دەگرن.
*ساباس: نەریتێکی ئایینی جوولەکەیە لە ڕۆژی شەمماندا. 

Comments