هەڵهاتن لە مانوس- بەهروز بووچانی






هەڵهاتن لە مانوس

بەهروز بووچانی
لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام


بە ئاگا،
لە هەورەکان دەڕوانم
لە خەونەکان،
لە ژنێکیش
کە بۆنی منی لەگەڵ خۆیدا برد،
ڕێک وەکو گوڕی چەتاڵێک کە چۆن پارچەیەک کێک لێدەکاتەوە.
لەو دەستانە ورد دەبمەوە،
کە لەوە دەچێت لە نێو جەنگەڵەکاندا خۆی شتبێت،
نوقمی زەریاکان بوبێت،
دەستی لە هێرینگەوە٭ دابێت،
دەستانێک کە بە خۆڵ و خاشاکی دەشتە چۆڵەکان داپۆشراوە ،
دەستانێک کە بە خەون شۆردراون
دەستەکانت،
شانەکانت،
گەر من تۆ بۆمایە و لە خۆمم بڕوانیایە،
دەفڕیم،
لەم هەورەوە بۆ ئەو هەور دەفڕیم،
لەم درەختەوە بۆ ئەو درەخت،
لەم دەریاچە بۆ ئەو دەریاچە،
لە پانتایی ئەم چیاوە بۆ پانتایی ئەو چیا،
لەم شاریشەوە بۆ ئەو شار،
دەفڕیم بەسەر دۆڵەکاندا،
دەفڕیم بەسەر پانایی زەریاکاندا،
بەسەر فراوانی بیابانەکاندا.
گەر من تۆ بومایە و لە خۆمم بڕوانیایە،
لەم ڕوبار بۆ ئەو ڕووبار دەفڕیم،
گەر من تۆ بومایە و لە خۆمم بڕوانیایە، تەنانەت ماچەکانیشم بۆ فڕین دەناردن،
لە لێوی ژنێکەوە،
شیرین و چێژبەخش،
بۆ لێوی پیاوێک،
هەروەکو خوێ تامم دەکرد.
ئەمەش منم،
لە تەنهاییەکی بێ وێنەدا دەژیم و
خەیاڵ بە ماچێکەوە دەکەم لەو لێوانەوە،
لێوانێک کە سۆزی لێ دەچۆڕێت،
حیکمەت یانیش ژیریی لێ دەڕژێت.
گەر من تۆ بومایە و لە خۆمم بڕوانیایە،
لەم دورگە بۆ ئەو دوورگە دەفڕیم.

٭: هیرینگ جۆرە ماسییەکە

Comments