بمبەخشە - بەهروز بووچانی

بەهرۆز بووچانی، نووسەر وڕۆژنامونووسێکی کوردە . لە ٢٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٨٣ لە ئێران لەدایکبووە. چەندین وتاری میدیایی بۆ ڕۆژنامە جیهانییەکان نووسیوە کە تێیدا باس لە بارودۆخی سەختی کۆچبەرانی کەمپی دورگەی مانوس دەکات لە وڵاتی ئوستوراڵیا کە زیاتر لە پێنج ساڵە تێیدا دەژی و خەڵاتی ئەمنستی ئوستوراڵیای ٢٠١٧ ی لە بواری میدیادا پێدرا. لەو کەمپە زیندان ئاسایەوە کتێبێک دەنوسێت بە ناوی" هیچ هەڤاڵێک نا، جگە لە چیاکان" کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە و خەڵاتی ڤیکتۆریای ٢٠١٩ی ئوستوراڵیای بۆ وێژە و چەند خەڵاتێکی دیکەی بردەوە. لە نێو کەمپی دوورگەی مینووسەوە ئەم شیعرەی نووسیوە و موونیس مەنسوبی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئنگلیزی و پێم باش بوو دووبارە لێرەدا بیکەمەوە بە کوردی. ئەمەش دەقی شیعرەکەیە: 


باڵندەکەم، بمبەخشە، کە ناتوانم لە باوەشت بگرم.
بەڵام لێرە
لەم سووچەدا،
چەند باڵندەیەکی کۆچبەر دەناسم کە لەگەڵ کازیوەیا زەردەخەنەیان بۆ دەکەم و
بە باڵی کراوەی هێند فراوانی ئاسمان لە ئامێزیان دەگرم.

ئەوینە جوانەکەم!
بمبەخشە کە ناتوانم عەتری بۆنخۆشی هەناسەکانت هەڵقوڕێنم،
بەڵام لێرە، لەم وێرانەیەدا،
چەند گوڵێکی کێوی دەناسم کە هەموو بەیانیەک لە دڵمدا گەشە دەکەن،
لە کۆتایی شەویشدا، لەگەڵ مندا و لە جێگاکەمدا خەو دەیانباتەوە.

فریشتەکەم بمبەخشە!
 من ناتوانم بە سەری پەنجەکانم دەست بە پێستتدا بهێنم.
بەڵام هاوڕێیەتی تەمەنێکم لەگەڵ شنەی دەریا و و ئەو شنەبایانەدا هەیە کە لێرە ، لەم دۆزەخە سەوزەدا، هەڕەمەکیانە بەر پێستی ڕوتم دەکەون!

بمبەخشە، کە ناتوانم بەسەر چیای سەوزی جەستەتدا هەڵبگەڕێم،

بەڵام لێرە، لە جەرگەی تاریکیدا، لە هەموو نیوەشەوێکدا، لەگەڵ درێژترین و لەخۆبایترین درەختی گوێز هنددا، چێژ لە گوزارشتی غەریبانە وەردەگرم.
جوانەکەم!  لە مەعریفە و حیکمەتی کۆنترین و غەریبترین گۆرانیەکان، گۆرانییت بۆ دەڵێم،

زۆر دوورتر،  لە جیهانی پیاوێکەوە کە لە نێو قۆڵترین زەریاکان و تاریکترین دارستانەکانەوە خۆشی دەوێی.
لە نێو قەفەسێکدا،
ئەو پیاوەی خۆشی دەوێی،
لە نێو قەفەسێکدایە کە کەوتۆتە نێوان مەزنترین زەریاکان و سەوزترین دارستانەکان.

خۆشەویستم، بمبەخشە.
بمبەخشە خۆشەویستم کە تەنها دەتوانم لە دورگەیەکی دوورەوە خۆشم بوێیت،
لە نێو قەفەسەکەدا،
لە سوچی ئەم ژوورە بچووکەوە. 
تکایە بمبەخشە، کە تاکە بەشی زەوی من خاوەنی بم، ئەم پارچانەیە. 

Comments