سێ شیعری ڕابیعەی عەدەوی





سێ شیعری ڕابیعەی عەدەوی

لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام


شادییەکەم
برسێتیەکەم
پەناگەکەم
هاوڕێکەم
خواردنەکەم بۆ گەشتەکە
کۆتایی گەشتەکەم ـــ
تۆ هەناسەمیت
ئومێدمیت،
هاودەممیت
پەرۆشیمیت
سامانە جێهێڵراوەکەمیت.
بە بێ تۆ، ئەی ژیانم، ئەی ئەڤینم
هەرگیز بەم وڵاتە بێ کۆتایانەدا ناگەڕام
تۆ زۆر گورجیت لێ دەرهێنام
چاکەی زۆرت لەگەڵدا کردوم، دیاری زۆرت پێ بەخشیوم
هەموو جێگایەک بە شوێن خۆشەویستی تۆدا دەگەڕێم
دواتر لە پڕ پڕم لێی
ئای کاپتنی دڵم
چاوی تیشکبەخشی تامەزرۆیی نێو سینگم
تا لە ژیاندا بم هەرگیز لە تۆ دەرباز نابم
تۆ ڕەزامەند بە  بە من ئەی ئەوینم، من ڕەزامەندم.
***
ئای خودام
گەر لە ترسی دۆزەخ تۆم پەرست،
لە دۆزەخدا بمسوتێنە
گەر بە ئومێدی بەهەشتەوە تۆم پەرست،
لە دەرگاکانی بمگەڕێنەوە
بەڵام گەر تەنها لەبەر خودی خۆت تۆم پەرست، جوانی ڕوخسارتم پێ ببەخشە.
***
ئای خودایە
ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە
چاوی پیاوەکانیش داخراون
پاشاکان دەرگاکانیان داخستوە
هەر ئەویندارێک لەگەڵ ئەوینی خۆیدا تەنهایە
منیش لێرە لەگەڵ تۆدا..



Comments