دوو شیعری ئۆوشن ڤۆنگ


دوو شیعری ئۆوشن ڤۆنگ
لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

لازاروس

وەک خواوەندێک کە لە تابلۆیەک هاتبێتە دەرەوە، هاتە ژوورەکەمەوە
گەڕاوە لە با، بە دەمی پڕ لە سیسارکەوە بانگی کردم
بۆنی خۆڵەمێش و لێلاق لە پرچیەوە بەرز دەبوونەوە.
چاوەڕێم کرد
چاوەڕێی شەو، تا پێش گەیشتنی، بەرەو ساڵ کەم بکات
چاوەڕێی دەستەکانی، پەنجەکانم کە بە شوێن هێڵی شکاودا دەگەڕێن لە ناو لەپیدا
سێبەرەکەم لەژێر سێبەرەکەیدا لە بەرامبەر تەختەڕەقەکە و سەمامان کرد
بەم جۆرە: کوڕ و باوک..
جەستەمان وەک جوتێک قاچ
بەسەر کورسیەکی شکاودا دەهات و دەچوو.


پێوانە

ناوی ئەو مایینە سپییە نازانم
کە لە ڕۆشنای بەیانیەکی زوودا ئەملاولا دەکات، کلکە شینە کاڵەکەی
لەگەڵ باراندا، بەڵام دەمم گەرمترین دەماری لە ژێرەوە دۆزییەوە
شەویلگەی.. جا چییە گەر ئێسکەکانم کوترابنە شێوەی پیاوێک لە پەشیمانییەوە
من تەنها بۆ ئەوە لێرەم بێدەنگیەکە زیاد بکەم، ئەمە سەرەڕای مۆسیقا.
سەختیشە تەنها بە یەک وشەوە لە هۆدەکەدا نوێژ بکەیت، بەڵام هەوڵ دەدەم.
هەروەکو تۆ، هەوڵ دەدەم، ئامادە هەروەکو ئەو دەستەی کە هەڵم دەگرێت
هەروەکو تۆ، پێم وابوو گوێم لە بروسکەی دونیایەک بوو کە خەریکە کۆتایی دێت
ئەوە تەنها دەنگی پێی ئەسپ بوو کە بەرەو نادیار دەڕۆیشت.

Comments