نەبەزیو- ولیام ئێرنست هێنڵی

  

 


 ولیام ئێرنست هێنڵی

   ولیام ئێرنست هێنڵی (١٨٤٩-١٩٠٣) شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگرێکی بەڕیتانی کۆتایی چاخی ڤیکتۆریا بوو. ئەگەرچی چەندین کۆمەڵە شیعری نووسیوە، ئەو زیاتر بە شیعری "نەبەزیو" ناسراوە کە لە ساڵی ١٨٧٥ نووسیویەتی و لە ساڵی ١٨٨٨ لە بەرگی یەکەمی کۆمەڵە شیعری " Book of Verses," و لە بەشی ژیان و مردندا بڵاوبۆتەوە. شیعری "نەبەزیو" یەکێک بووە لە شیعرە دڵخوازەکانی نێڵسۆن ماندێلا کە  لە ماوەی ژیانیدا لە چەندین بۆنەدا خوێندویەتییەوە.

 

نەبەزیو

لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

 

لە نێو شەودا کە چوون چاڵێک ڕەش،

لەم جەمسەر بۆ ئەوی دی دامدەپۆشێت،

خودا هەرچییەک بێت سوپاسی دەکەم

بۆ ئەم ڕووحە نەبەزیوەم.

 

 لە چنگ گیرکردنی دۆخەکاندا لێم

نە ڕاچڵەکیوم نە بە بە دەنگی بەرز گریاوم.

لە ژێر کوتەکی ڕێکەوتدا

سەرم خوێناویە بەڵام نەچەمیو.

 

لەو دیوی ئەم شوێنە پڕ توڕەیی و فرمێسکانەوە

کە تەنها تۆقینی ژێر سێبەرەکانی تێدا دەدرەوشێتەوە،

هێشتاش هەڕەشەی ساڵەکان

من بە چاونەترسی دەبینێت.

 

گرنگ نییە دەرگاکە چەند تەسکە،

لولەکی نوسراوەکە چەند بارگاوییە بە سزا،

هەر خۆم وەستای قەدەری خۆمم،

هەر خۆم سەردەستەی ڕوحی خۆم.

 

سەرچاوە:

 

https://www.poetryfoundation.org/poems/51642/invictus

Comments