گەر ئاسمان گوێی بۆ بگرتمایە..چەند شیعرێکی براکیک


گەر ئاسمان گوێی بۆ بگرتمایە
کوجتیم براکیک
لە ئنگلیزیەوە: ڤیەننا سەلام

وڕێنەیەک لە ئاسماندا هەیە،
یارییە ئاگرینەکان بە وڕێنە دەتەقنەوە
پێکەنینەکەشت هەر وڕێنەیە.
ئایا تۆ گوتت کە دەتەوێت لە ژێر قوبەی ئەستێرەکاندا ماچم بکەیت؟
لە ژێر گڵۆپی سەر شەقامەکاندا، لەوێ کە خانمە پیرەکان
پێش ئەوەی بەرەو سەرەوە ببنەوە بۆ شوقەکانیان، ئەو گۆڕانکاریانە دەژمێرن کە بەسەریاندا هاتووە؟ 
گوتت کە دەتەوێت وەکو شیعر بمخوێنیتەوە؟
کاتێک پەنجەکانمان پاڵ بە چڵە گیاکانەوە دەنێن
لەوێ کە مێروولەکان ڕێگا بۆ ڕۆیشتن دەکەنەوە و گەڵای وایان هەڵگرتووە کە دە هێندەی قەبارەی خۆیان دەبێت؟
٭٭٭٭
گەر ئاسمان گوێی بۆ بگرتمایە
هێندە خۆمم دوبارە نەدەکردەوە.
شتگەلێکی زۆرم هەن بۆ گووتن.
هەروەکو چۆلەکە یانیش بەیبوون؛
لوتکەی چڵێکم بە ماڵ دەگرت و
تۆش دەتتوانی بێت و لەوێ بە شوێنمدا بگەڕێیت.
٭٭٭٭
کاتێک تەماشای ڕوخسارت دەکەم،
دەبینم هاوین داهاتووە.
٭٭٭٭
ئەستێرەکان پاڵ بە ناوەوە دەنێن بۆ نێو دەمی ئاسمان.
سوێند دەخۆم گوێم لە ناوی تۆ بوو، پێش ئەوەی شەو وەک کەنارییەک بچێتە دەرێ.
(بەم شێوەیە بوو کە بویت بە قامیشێک بە دڵێکەوە کە لێدەدات)
وەنەوشە پاڵ بە ناوی تۆوە دەنێت بەرەو ئاسمان و داوای لێخۆشبوون دەکات.
٭٭٭٭
نایاب و بێ سنوور
تۆ هەمیشە شەویت،
منیش هەمیشە مانگەشەوی زیوین،
ئێمە کێین، کە لە وڕێنەیەکی بێدەنگدا ئەستێرەکان پێکەوە قووت نادەین؟
٭٭٭٭٭
ئاسمان پڕە لە بەفر،
بەرفرانبارە،
بەڵام دڵم وەکو باڵندەیەک لە پوشپەڕدا
گۆرانی دەچڕێت.
٭٭٭٭٭
دڵم لە دژی دیوارە پەڕە گووڵەکانی
کێوییانە لێ دەدات!
٭٭٭٭
بە خۆرێکەوە کە بۆ نێو تەواوی گەلاوێژ هەڵدێت،
بە دەستانێکەوە کە گوڵی هەروەکو خەونی "ئۆرکید" مۆر، لەنێوی بردووە،
شەرمنانە لە دارستانە سەوزە شەرمنەکانەوە دێم بۆ لات،
بێ ئەوەی هیچ ووشەیەک، هیچ دەنگێک، هیچ گۆرانییەک شک ببەم کە بتوانێت تەواو گوزارشت لە هەموو ئەوە بکات کە بینیم.

Comments