نامەیەکی تەڕ بۆ خۆشەویستییەکی زۆر وشک- نەوال شەریف


نەوال شەریف، کچەشاعیری ئەمازیغی، لەدایکبووی ١٩٩٣ـیە. لە ساڵی ٢٠١٥ـوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتیمانیی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەڕێوبەرایەتیی شەپۆلی ڕۆشنبیری. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیری و لاوانە. دیوانێکی شیعریی هەیە بە ناوی “من خراپم”.

نامەیەکی تەڕ بۆ خۆشەویستییەکی زۆر وشک
نەوال شەریف
لە عەرەبییەوە: ڤیەننا سەلام


ئەقڵم کە بە زمان دەیلێسمەوە، ئەو نائومێدییە، هێشتا تەواو کامڵ نەبوو بوو کاتێک چیرۆکی خۆشەویستییەکەم کامڵ بوو.
ئەی ئەوین
گەورەم ئەوین
ئەی سێبەرە نائاساییەکە
لەم زەمەنەدا,
بەڵێ ئەم زەمەنە، کە سەری کەڵەشێری هەڵگرتووە.
هێشتا کچۆڵەیەک هەیە بە شیعری کورتەوە، بە پەنجە ناتەواوەکانی شەوان ئەستێرە دەژمێرێت و
شیعری خۆڵەمێشیی بۆ شاعیرێکی دوور دەنوسێت،
شاعیرێکی زۆر دوور لە خوداوە.

گەورەم ئەوین،
گەورەی شکانە گەرمەکان،
ئاوێنەکەم هێشتا پێستە خاڵخاڵاویەکەی نەبینیوم،
هێشتاش زمانم شوشە دەچنێت لە کێڵگەی سییەکانمدا!
گەورەم ئەوین،
ئەی گەورە نەفرەتییەکە،
لەم شوێنەدا،
بەڵێ لەم شوێنەدا
کە تێیدا گوڵێکی تەنیا بە کۆتەرەی داری خورماوە 
لە هەوادا دانیشتووە و 
چاوم بە خوێنی سوور دەیگێڕێتەوە.

ئەوینی ئازیزم،
ئەی برای ئازار،
ئەی خواوەندی بێدەنگی،

من هەروەکو گۆزەیەکی ئاو لە خانویەکی چۆڵکراودا،
وەک تاکە بزماری سەر دیوارێک کە هیچ تابلۆیەکی لەسەر نییە،
وەکو بەردێک کە مناڵێک فڕێی داوەتە نێو لقە لاداوەکانەوە بێ ئەوەی هیچ دەنگێکی لێوە بێت،

چوون چۆلەکەیەک کە با برینداری کردووە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەربۆتەوە، غەریبم!

ئەی خوداوەندم ئەی ئەوین..!

Comments