لاوانەوەیەک بۆ سەردەشت عوسمان

 گەر چاوەڕێت کردبا، کچەکەی خۆمم لێ مارە دەکردیت



شذى ئەحمەد
لە عەرەبییەوە: ڤیەننا سەلام

گوناهی تۆ چییە کە دیوارەکان ڕووخاون
ئەوە چ تاوانێکە کە لە نێوان سییەکانتدا دڵێک لێبدات؟
بۆچی دەبێت هەڵە بێت کە شەیدای ئەو جوانییە بیت کە لە ئامێزیدا هاتیتە بوون؟
باجی چ تاوانێکت دەدەیت گەر لە مەودای ئازادییەکی بێ پایاندا تا خەونەکانی شکسپیر فڕی بیت؟
بە کام شەرع ئەو باڵانەیان بڕیت کە تاڵاوی سڕکردنی تەمەنی بەئاگاهاتوتیان چەشت و
تۆش بە هەڵواسراوی لە ئاسمانی تەنیو بە داگیرکاری و غەم و ستەمەوە لێیان گەڕایت و ئەوانیش قرتاندیان؟
ئازیز گیان..گەر چاوەڕێت کردبا،
کچەکەی خۆمم لێ مارە دەکردیت
دەبوو کەمێکی دی ئارامت گرتبا و
زیاترت خوێندبایەوە
لە ئەدەبی ئنگلیزیدا دێڕگەلێک هەن کە دەبوو بە وریاییەکی زیاتر و وردبینیەکی فراوانترەوە  چاوت لێ کردبان
هەموو ئەو چیرۆکانەی خوێندتنەوە ڕاست نین،
هەموو ئەو چاوانەی بە شۆخ و شەنگی ئنگلیزانەی تەواوەوە چاوبازیان لەگەڵدا دەکردیت، چاوی بێتاوان نەبوون
پاڵەوانێتی مێزە هەڵگەڕاوەکان هەرگیز خاڵی نەبوون لە داو و دوو زمانی و غەدر و ناپاکی
هەموو سەرکەوتنێکی شمشێری ئەسپسوارەکان بە داد و جوامێری نەدرەوشاونەتەوە
گەر ئارامت گرتبا، هەموو ئەوانەت دەزانی
گەر ئارامت گرتبا،
لە بارەی تۆوە بۆ کچەکەم دەدوام و پێم دەگوت عێراقییەک هەیە کە بە جوانی چەم و دڵرفێنی تاقگەکان و ئازاری ڕافیدەینەوە بە شوێن دڵدارێکدا دەگەڕێت
پێم دەگوت..کاتێک گەورەتر دەبیت دەبێت بیربکەیتەوە و لەوە تێبگەیت کە ئەو جۆرە گەنجانە کاتی گونجاو و نەگونجاویان بۆ ڕابواردن نییە،
ئەوان شۆڕش لە دژی ئەو چەوتییانە بەرپا دەکەن کە بە جەستەی خۆیان نەبێت ناتوانن بیگۆڕن
گەر ئارامت گرتبا، وێنەکەی تۆم بۆ دەبرد کە پڕە لە بەرهەمی لۆز و گوێزی سەوزی دەشتەکانی هەولێر، که
خۆڕاگری لۆفی پڕ لە غەم و پەژارەی چیاکانی تیا حەشاردراوە کاتێک خۆزگەکان لەسەر بەردەکانی دەشکێن
گەرئارامت بگرتبا، داوای ئیمێڵەکەتم دەکرد و پێم دەگوت کە ئەم دەستگیرانەت راستگۆیە، لەبەر زۆری عەشقی بۆ وەفا پەیمانێک وابەستەی دەکات بەوەی هەرگیز ناپاکی لە دڵخوازی خۆی نەکات، بۆیە دەبێت بیرێکی باش لە داواکەی بکەیتەوە
گەر ئارامت گرتبا، تێدەگەیشتی کە زمانی ژمارە و پایە و فیشەک کۆن و ناحەزە و ئەوە تۆیت کە دەتوانی بە زمانی ئەوین و سەرکەوتن بیانگۆڕیت...جێگایەکی دی هەیە کە بۆی بگەڕییتەوە و ئەوانە وەک تۆزێکی نیشتوو لەسەر کراسەکەت بتەکێنیت و
ئەوەی ویستت بوو لە بەرهەمی دادپەروەری و مرۆڤایەتی لە نێو چیا و چەم و دۆڵەکاندا بیچێنیت.
گەر هەڵەشەیی ژیان بەرەو ئەو شوێنە لە ستەم و کوشتن نەیبردبایت کە بردتی، لە هاتنە نەخوازراو و گوللە زۆردارەکانیان پارێزراو دەبویت.
تەنها گەر چاوەڕێت کردبا...
بەڵام گەر وات کردبا هەرگیز نەمدەناسیت
تا وەک دەزگیرانێک بۆ کچەکەمم بوێیت و
نە دلڕفێنی چیاکان و دەشت و دەری هەولێرم لە دێڕەکانتدا چاو پێدەکەوت،
نە دەنگی زوڵاڵت لە نێو چەندەها ملیۆن دەنگدا دەناسرایەوە،
نە دەکەوتیتە فرمێسکەکانمەوە و
نە وێنەی خۆمم لەگەڵ ئەو ڕووحەی تۆدا بڵاو دەکردەوە کە هەرگیز جێمان ناهێڵێت،
ئەی ئەو مێردەی کە بۆ کچەکەمم دەوێت...

Comments