نیگەران دەبووم-ماری ئۆلیڤەر

ماری جین ئۆلیڤەر (ماری جین ئۆلیڤەر)، شاعیرێکی ئەمریکی بوو، ( ١٩٣٥-٢٠١٩) خەڵاتی کتێبی نیشتمانی و خەڵاتی پولیتزەری بەدەستهێنا. ئیلهامبەخشی بۆ کارەکانی لە سروشتدا دۆزیەوە و خووی تەواوی ژیانی هەبوو کە بە تەنیا لە چیاکاندا پیاسە بکات. شیعرەکانی بە سەرسوڕمانێکی دڵسۆزانە و پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ ژینگەدا تایبەتمەندە، کە بە زمانێکی بێ ڕازاوە و وێنەیەکی سادە و لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێش دەگەیەنرێت. 


 

نیگەران دەبووم

ماری ئۆلیڤەر

لە ئنگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

 

 زۆر نیگەران دەبووم

لەوەی ئایا باخچەکە گەشە دەکات،

ئایا ڕووبارەکان بە ئاڕاستەی راستدا دەڕژێن،

ئایا گۆی زەوی بەو جۆرە دەسوڕێتەوە کە فێرکراین؟

ئەگەریش نا، من چۆن ئەوە راست بکەمەوە؟

ئایا من راستم، ئایا من هەڵەم، ئایا لێم خۆش دەبن، چۆن باشتر ببم؟

 

ئایا هەرگیز دەتوانم گۆرانی بڵێم، تەنانەت چۆلەکەکانیش

دەتوانن ئەوە بکەن و منیش، لە ڕاستیدا بێ هیوام.

ئایا توانای بینینی چاوەکانم کاڵ دەبێتەوە یان خەریکم تەنها خەیاڵی دەکەم،

ئایا من تووشی ڕۆماتیزم ، بیرچوونەوە یان دەردەکۆپان دەبم؟

لە کۆتاییدا بینیم کە نیگەرانی هیچی بەدواوە نەهات و دەستم لێ بەردا.

جەستەی پیرم بە دوای خۆمدا راکێشا و  بەرەو بەیانی رۆیشتم و

دەستم بە گۆرانیی چڕین کرد.

 


Comments

Popular Posts