ئێوارە برای نییە


ئێوارە برای نییە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڤییەننا سەلام



وەدیع سەعادە ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی شەبتین، لە باکووری لوبنان لە دایک بووە. لە بواری ڕۆژنامەگەریی عەرەبیدا لە هەریەک لە بەیرووت و لەندەن و پاریس کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٨ کۆچی کردووە بۆ وڵاتی ئوسترالیا و لەو کاتەوە تاکو ئێستا لە ئوسترالیا دەژی و لەوێش هەر بەردەوامە لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری. چەندین دیوانی شیعریی هەیە، یەکەم دیوانی  ساڵی ١٩٨١ بڵاو بووه‌تەوە بە ناوی (ئێوارە برای نییە). دواتریش چەندین دیوانی تری بڵاو بووه‌تەوە، لەوانە: (ئاوی ئاو، پیاوێک لە هەوایەکی بەکارهاتوودا دادەنیشێت و بیر لە ئاژەڵان دەکاتەوە، کورسییەکی سەرنشین پاسەکەی جێ هێشت، کێ ئەو نیگایەی برد کە لەبەر دەرگاکەدا جێم هێشت، پێکهاتەیەکی دی بۆ ژیانی وەدیع سەعادە، پەڕێک لە هەوادا… هتد) وەدیع زیاد لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە لە شیعرنووسین، ئەزموونێکی ناوازەی هەیە و ئێستا یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرە دیارەکانی عەرەب. ئەم شیعرانە پێشتربەشێکیان لە سایتی باڵندە  و بەشەکەی تریان لە هەفتەنامەی هەواڵ بڵاو بوونەتەوە.






ئێوارە برای نییە

ئەوانەی کە تامەزرۆی گەڕانەوەن و
نە شەمەندەفەر
نە ئەستێرەیەکیان هەیە.
تەنانەت سیسرکێکیش نییە لە ڕێگاکەیاندا گۆرانی بڵێ
ئەوانەی گەنجینەی خەونەکانیان پەلامار دراوە و
ژیانیان دەنگی بەریەککەوتنی ئاوێنەی هەیە بە بەرد،
چەندین جار مەرگی مەوداکان هەست پێ دەکەن و
بۆیان دەردەکەوێت کە جیهان بێ ڕێگایە!
***
 ئەم پەرۆشییە چۆن وەک بۆقێک وایە لە دەرەوەی دەریاچەکەیدا؟
ئەم ڕۆژە خۆڵەمێشییە چۆنە بە ئاسمانەوەیە؟
ئەی ئەم گێژەڵووکەیەی لەنێو سەردایە، چۆنە کە چڵێکیش ناجووڵێنێتەوە؟

***
سوودی چییە؟
بازدان بۆ دارستانەکان؟
خواردندان بە ئاسکۆڵەیەکی لاواز
کاتێک چۆلەکەکانی ڕامان
چون تەختەگەلی بینایەکی کۆن
دەکەونە خوارێ؟
من پڵنگی ڕەشی ژێر بورجەکانم و
ئاژەڵەکانی گەردوون بەخێوم دەکەن
من ئەو کوڕۆڵەیە نیم
کە ئێواران دەچێتەوە کۆشکی خێزانەکەی
بە شوێن ئەستێرەیەکدا وێڵم
کە لەژێریدا ژیانی خۆم بخوێنمەوە
پەیژەی ڕووناکی بەرز دەکەمەوە
لەسەر پردی دڵ،
.دوادراو دەخەمە دەستێکی دەماراوییەوە
***

لەم گوندەدا
گوڵە بەیبونەکان
لەرزۆک لە پشتی دەرگاکانەوە
ئێوارەیان بیر دەچێت
لەم گوندەدا کە بۆ ئەوە بە خەبەر دێت
ئاوی باران بخواتەوە
شوشەی جیهان لە دەستمدا شکا
***
دەبێت دان بەوەدا بنرێت
کە ڕۆژەکان چون بۆقە مردوەکان دەنێژرێن و
ئازار دەخەنە پێکەنینی نزیک دەریاکانەوە
هەروەها ئەوەش کە خۆشەویستی
خوێیەکی شینە
خوێیەک کە لە ئێستادا
تەنها و شین
دەبارێت
***
لە هەر وێستگەیەکی سەر گۆی زەوید،ا
گالیسکەکانی داهاتوو
هەر دەڵێی ناوە دیارەکانی دۆسیەکانی بێزارین
ڕۆژیش بازاڕی ئاوێنەکانە
دیوارەکان زیاد لە پێویست گەشاوەن
.چاوەکانیش هەورن و دایان کردووە



Comments