ئەوینی پاش ئەوین-دێرێک واڵکۆت

 

شاعیر و شانۆنامەنووس دێریک والکۆت لە دورگەی سانت لوسیا لەدایکبووە، کە پێشتر خاکێکی داگیرکراوی بەریتانی بووە لە وێست ئیندیز.  لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا یەکەم شیعری لە ڕۆژنامەی ناوخۆدا بڵاوکردەوە، دوای پێنج ساڵ ٢٠٠ دۆلاری قەرزکرد بۆ چاپکردنی یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی ٢٥ هۆنراوە، کە لە گۆشەی شەقامەکاندا دابەشی کرد. پێشکەوتنی سەرەکی والکۆت بە کۆمەڵە شیعری شەوێکی سەوز: شیعرەکانی ١٩٤٨-١٩٦٠ (١٩٦٢) بوو، کتێبێک کە باس لە مێژووی کاریبییەکان و هەروەها لێکۆڵینەوە لە شوێنەوارەکانی کۆلۆنیالیزم دەکات. کۆمەڵەکانی دواتری بریتین لە سەگی تیپۆلۆ (٢٠٠٠)، بەفیڕۆدەر (٢٠٠٤)، شیعرە دەستەبژێرەکان (٢٠٠٧)، ئیگرێتی سپی (٢٠١٠) و بەیانی، پارامین (٢٠١٦). لە ساڵی ١٩٩٢دا والکۆت خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بەدەستهێنا.

 

ئەوینی پاش ئەوین

دێرێک واڵکۆت

لە ئنگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

 

ئەو کاتە دێت

کاتێک، بە دڵسازییەوە،

لە گەیشتنتدا بۆ بەردەم دەرگای خۆت،  لە بەردەم ئاوێنەکەتدا

سڵاو لە خۆت دەکەیت

هەریەکەشتان زەردەخەنە دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ئەوی دیکە،

و دەڵێن لێرەدا دابنیشە و شتێک بخۆ.

جارێکی دی ئەو نامۆیەت خۆش دەوێت کە خودی خۆت بوو

شەراب، نان و دڵت دەدەیتەوە بە خۆی

 بۆ ئەو نامۆیەی کە تەواوی ژیانت تۆی خۆشویستووە

کە بۆ یەکێکی دیکە پشتگوێت خست،

کە تۆ بە دڵ دەناسێت

نامە ئەویندارییەکان، وێنەکان، تێبینییە پڕ پەرۆشییەکان لە ڕەفەی کتێبەکان دادەگریت،

وێنەی خۆت لە ئاوێنە لێ دەکەیتەوە

دادەنیشیت. جەژن بۆ ژیانت دەگێڕیت.

Comments

Popular Posts