هیچ ڕوحێکی ترسنۆک هی من نییە- ئیمیڵی برۆنتێ

 


 ئیمیڵی برۆنتێ، شاعیر و ڕۆماننووسی بەریتانی، لە ٣٠ـی جولای ١٨١٨ لە دایک بووە، ١٩ـی دیسەمبەری ١٨٤٨ کۆچی دواییی کردووە. تاقەڕۆمانێکی هەیە بە ناوی بەرزایییەکانی وێزەرینگ. ئەم شیعرەی برۆنتێ یەکێکە لە شیعرە هەرە بەناوبانگەکانی کە ستایشێکی کەم وێنەی خودایە لە دەرەوەی ئایین و مەزهەب و ڕێبازی ئایینی، خودایەک لە سینگی مرۆڤدا، خودایەک کە تاکە مانابەخشی بوونە ئەوکاتەی کە خۆت بە پێیەکانی خۆت دەچیت تا لەپاڵییدا کەنار بگریت. 


هیچ ڕوحێکی ترسنۆک هی من نییە 

ئیمیڵی برۆنتێ

لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

 

هیچ ڕوحێکی ترسنۆک هی من نییە

نە هیچ لەرزینێک لە گۆی بە زریان پەرێشان بوی زەویدا

شکۆی بەهەشت دەبینم کە چۆن دەدرەوشێتەوە

باوەڕیش ئاوا دەدرەوشێتەوە کاتێک دەمکات بە جەنگاوەر لە دژی ترس

 

ئەی خودا لە نێو سینگمدا

ئەی خودای هەمیشە مەزن

ژیانێک کە لە نێو مندا ڕاکشاوە

ئەم ژیانە نەمرە هێزی لە تۆوە وەرگرتووە

 

بەتاڵن، ئەو هەزاران ڕێبازەی دڵی مرۆڤان دەجوڵێنن، بێ مانا بەتاڵن

بێ فەڕن چون گژ و گیای وشک

یانیش کەفی بێ کارن  لە نێو دەریای بێ سنووردا 

 

بۆ بەخەبەرهێنانی گومان لە نێو کەسێکدا  

کە زۆر خێرا دەستی بە بێ سنورییتەوە گرتووە

کە هێندە دڵنیا لەسەر بەردی پتەوی

نەمرییت کەناری گرتووە

 

بە ئەڤینی باوەش فراوانەوە

ڕوحت  جۆش دەداتە ساڵە لە بن نەهاتووەکان

کە لەو سەرەوە بڵاو دەبێتەوە و قوڵ ڕۆدەچێت

دەگۆڕێت، درێژە دەکێشێت، دەتوێتەوە، دەخولقێنێت و پەروەردە دەکات

 

گەر زەوی و مانگ نەمێنن

هەتاو و گەردونەکانیش لە بوون بوەستن

و تەنها تۆ بمێنیتەوە

هەموو بونێک لە تۆدا بوونی دەبێت

 

هیچ ڕێگایەک لە بەردەم مردندا نییە

نە هیچ گەردیلەیەک کە هێزی تۆ بێ بەها بکات

چونکە تۆ هەیت و هەناسە دەدەیت

و تۆ بەو جۆرەی هەیت هیچ کاتێک تێک ناشکێیت

 

 

 

 

Comments