شیعری " نیشتەجێبوون" و "ئەمە وێنەیەکی منە" ی مارگرێت ئەتوود

 

  

مارگرێت ئەتوود لە ساڵی ١٩٣٩ لە ئۆتاوا، ئۆنتریۆ لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ڤیکتۆریا، زانکۆی تۆرنتۆ بەدەست هێناوە، خوێندنی  ماستەریشی لە زانکۆی هارڤارد تەواو کردووە. ئەو نووسەری زیاتر لە پانزە کتێبی شیعرە. ڕۆمانەکانی بریتین لە The Testaments، The Blind Assassin کە هەردووکیان خاوەنی خەڵاتی بوکەری ئەدەبیاتن، هەروەها ڕۆمانی The Handmaid's Tale کە براوەی هەریەک لە خەڵاتەکانی لۆس ئانجلۆس تایمس و ئارسەر سی کلێرکە. مارگرێت خاوەنی چەند کۆمەڵە چیرۆک و کتێبی منداڵانیشە و کتێبەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون و لە زیاتر لە بیست و پێنج وڵاتدا چاپ کراون.

 

 شیعری " نیشتەجێبوون" و "ئەمە وێنەیەکی منە" ی مارگرێت ئەتوود
لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

 

 نیشتەجێبوون

 هاوسەرگیریی ماڵێک نییە، تەنانەت خێوەتێکیش

لەپێش ئەوەوەیە و ساردترە

قەراغی دارستانەکە، قەراغی بیابانەکە

پلیکانە بۆیەنەکراوەکان

لە پشتەوە کە لەسەر چینچنک دانیشتوین لە دەرەوە،

گەنمەشامی دەخۆین

لێواری سەهەڵبەندانە کشاوەکە

لەوێدا کە بە ئازار و سەرسوڕمانەوە

تەنانەت لەوەی کە تا ئێستا لە ژیاندا ماوین،

فێر دەبین چۆن ئاگر بکەینەوە.

***

ئەمە وێنەیەکی منە


ماوەیەک پێش ئێستا گیراوە

لە سەرەتادا وەک پەڵەی چاپ دەردەکەوێت: هێڵی لێڵ و

پەڵەی خۆڵەمێشی کە لەگەڵ کاغەزەکەدا تێکەڵ بوون؛

پاشان لێی ورد دەبیتەوە، لە سووچی لای چەپدا

شتێک دەبینیت کە لە لق دەچێت: بەشێکی درەختێک

(بەلسەم یانیش ڕاتنج) سەری دەرهێناوە و

لای ڕاستەوە بۆ سەرێ

شتێک کە دەبێت هەر لێژییەکی نەرم بێت،

خانوویەکی لە تەختە دروستکراو

لە پشتەوە دەریاچەیەک هەیە،

لەودیوی ئەوەوە ، چەند گردێکی نزم.

(وێنەکە ڕۆژێک دوای خنکانم گیراوە)

من لە نێو دەریاچەکەدام، لە ناوەندی وێنەکەدا،

ڕێک لە خوار ڕووەکەیەوە

زەحمەتە بڵێم بە دەقیقی کوێ، یانیش بڵێم

قەبارەم تاچەند بچوک یان گەورەیە:

ڕەنگدانەوەی ئاوەکە لەسەر ڕووناکییەکە

شێوانێکی دروست کردووە.

بەڵام گەر بە ڕادەی پێویست تەماشا بکەیت

دواجار دەتوانیت بمبینیت.)

  

Comments