پێ هەڵکەوتن لە نێوان دوو ئەستێرەدا- سیزار ڤەڵەیهۆ



سیزار ئەبراهام ڤەڵەیهۆ ماندۆزا(١٨٩٢-١٩٣٨) شاعیر، نووسەر، شانۆنوس و ڕۆژنامەنووسێکی پیرۆیی بوو. ئەگەرچی لە ماوەی ژیانیدا تەنها سێ کۆمەڵە شیعری بڵاو کردەوە، بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت.

 

"پێ هەڵکەوتن لە نێوان دوو ئەستێرەدا"

سیزار ڤەڵەیهۆ

لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

 

 کەسانێک هەن هێندە لانەوازن، تەنانەت جەستەیەکیشیان نییە،

تاڵەکانی پرچیان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن،

غەمیان پڕحیکمەتە، بە ئینچ نزمن،

ئاکاریان بەرز؛

بۆ من مەگەڕێ، کاکیلەی بێ ئاگایی،

وا دەردەکەون وەک ئەوەی لە هەوا بێنە دەرەوە تا هەناسە بە بیر هەڵبکێشن، 

تا گوێیان لە گورزی پرشنگدار بێت لە مەڵاشوویاندا!

پێستی خۆیان جێ دەهێڵن، شوخت لەو تابووتە دەکەن کە تێیدا لەدایکبوون و

کاتژمێر دوای کاتژمێر بەسەر مردنی خۆیاندا سەردەکەون و بەردەبنەوە،

بە درێژایی ئەلف و بێ بەستووەکەیان بەسەرزەویدا دەکەون!


بەزەیی بۆ زۆریی! بەزەیی بۆ کەمیی! بەزەیی بۆ ئەوان!

بەزەییم دێتەوە لە ژوورەکەمدا، کاتێک گوێم لێیانە پەرداخیان بەرز کردۆتەوە!

بەزەیی لە قەفەزەی سینگمدایە، کاتێک قات دەکڕن!

بەزەیی بۆ پۆخڵییە سپییەکەم لە چەپەڵییە یەکگرتووەکەیاندا!

 

خۆشەویستم، ببە بە گوێیەکانی سانچێز

بەو کەسانەی کە دادەنیشن،

ببە پیاوێکی نەناسراو و ژنەکەی،

هاوکارە پیاوەکەم بە قۆڵی کراس و مل و چاوەوە!


خۆشەویستم، ببە ئەو کەسەی مێروو خوێنی دەمژێت،

ئەو کەسەی کە لەبەر باران پێڵاوی دڕاوی لەپێدایە،

ئەوەی کە بە دوو مۆم لاشەی نانێک بەخەبەر دەهێنێت،

ئەوەی کە پەنجەیەکی بەر دەرگاکە دەکەوێت،

ئەوەی کە هیچ ڕۆژێکی لەدایکبوونی نییە،

ئەوەی کە سێبەری خۆی لە ئاگرێکدا لێ ون بوو،

ئەو ئاژەڵەی، ئەو کەسەی کە لە تووتی دەچێت،

ئەوەی کە لە پیاو دەچێت، پیاوە دەوڵەمەندە هەژارەکە،

پیاوە زۆر کڵٶڵەکە، پیاوە هەژارترین هەژارەکە!

 

خۆشەویستم، ببە بەو کەسەی کە برسییە یاخود تینووە

 بەڵام هیچ برسێتییەکی نییە بۆ تێرکردنی هەموو برسێتییەکانی!

 

خۆشەویستم، ببە بەوەی بە ڕۆژانە، بە مانگانە، بە کاتژمێر کاردەکات،

ئەوەی کە لە ئازار یاخود شەرمدا ئارەقە دەکات،

ئەو کەسەی بە خواستی خۆی دەڕوات بۆ تەماشاکردنی فیلم.

ئەوەی کە بەو شتەی نییەتی دەبەخشێت،

ئەوەی کە لەسەر پشت دەنوێت،

ئەوەی کە چیدی منداڵیی بیرناکەوێتەوە؛ خۆشەویستم

ببە بەو پیاوە کەچەڵەی بێ کڵاوە،

ئەو دزەی گوڵی پی نییە،

ئەو کەسەی کە کاتژمێر لە دەست دەکات و خودای بینیوە،

ئەو کەسەی کە شەرەفی هەیە و نامرێت!

خۆشەویستم ببە بەو منداڵەی کە کەوتووە و هەر دەگری و ئەو پیاوەی

کە کەوتووە و چیدی ناگری!


بەزەیی بۆ زۆریی! بەزەیی بۆ کەمیی! بەزەیی بۆ ئەوان!

 

 

 

Comments

Popular Posts