وتارێکی ئەلیف شەفەق-سڕینەوەی مێژوو: بۆچی هایا سۆفیای تورکیا دەبێت وەکو مۆزەخانە بمێنێتەوە؟

 


ئەلیف شەفەق، نووسەری تورک



سڕینەوەی مێژوو: بۆچی هایا سۆفیای تورکیا دەبێت وەکو مۆزەخانە بمێنێتەوە؟

بڕیارەکەی سەرۆک ئەردۆگان بۆ گۆڕینی باڵەخانەکە بۆ مزگەوت هەنگاوێکی دیکەیە لە دژی فرەئایینی

ئەلیف شەفەق

لە ئنگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

ئەستانبوڵ شارێکە بە مێژوویەکی دەوڵەمەند، فرەچەشن و سەرنجڕاکێش بەڵام یادەوەرییەکی لاوازەوە. دەتوانیت بە کاتژمێر بە شەقامەکانیدا پیاسە بکەیت بێ ئەوەی بەر تابلۆیەک یاخود پەیکەرێک بکەویت لە بارەی پاشخانە شارستانییەکەیەوە. دەکرێت بە لای گۆڕستانی عوسمانیدا تێبپەڕێت بێ ئەوەی هیچ بیرۆکەیەکت هەبێت لە بارەی ئەوەی کێی لێ نێژراوە، گەر نەتوانی نوسراوی سەر کێلی گۆڕەکان بخوێنیتەوە. بە گشتی، لە ئەمڕۆدا تورکیا کۆمەڵگایەکە کە تووشی لەدەستدانی یادەوەریی بەکۆمەڵ هاتووە. تەواویی پەیوەندیی بە ڕابردووەوە پڕە لە دابڕان، لەبیرکردنی لەبار، بێدەنگیی.

ئەنجامەکەشی بۆشاییەکە لە مەعریفە و تێگەیشتنی مێژووییدا، کە پڕە لە یان تەفسیری ئایینی-ئیسلامیی یانیش ناسیۆنالیستانەی توندڕەو بۆ ڕابردوو-، یاخود، زۆر جار، یەکگرتنێکی ترسناکی هەردوکیان. لە کاتێکدا ئەوە ڕاستە کە هەموو نەتەوە-وڵاتێک ڤێرژنی فەرمیی خۆیان هەیە بۆ ڕابردوو، کە لە چاوی براوەکانەوە نووسراون، جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی کە چۆن وڵاتێکی دیموکراسی و یەکێکی نادیموکراسی مێژووی خۆی تۆمار دەکات.

لە دیموکراسیەکی کارکردوودا دەتوانیت لە بری تەنها یەک گێڕانەوە، فرەیی لە چیرۆکەکاندا-مێژوو و چیرۆکەکانی-دا ببینیت. دەتوانیت بچیتە کتێبفرۆشییەکەوە و ئەو کتێبانە بکڕیت کە دەنگ بە بێدەنگیەکان دەبەخشن، تیشک دەخەنە سەر ئەو شتانەی کە گێڕەرەوەی زاڵ دەیەوێت بیرت بچنەوە. نووسەری ئەو کتێبانە، یاخود ڕۆژنامەنووسی پشت ئەو وتارانە دەستگیر یاخود دادگایی ناکرێن.

لە وڵاتەکەی مندا، لە تورکیا، گێڕەرەوەی زاڵی مێژوو زۆر بەرز دەقیژێنێت بە جۆرێک کە هەموو شتێکی دیکەی بێدەنگ کردووە. بەو جۆرەی مێژوو لە خوێندنگاکاندا دەگوترێتەوە و لە کلتووری باودا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت بە شێوەیەکی سیستیماتیک کەمینەکان، فرەییەکان و ڕاستییەکان دەسڕیتەوە: ژیانی ژنان لە ئیمبراتۆریەتی عوسمانییدا چۆن بوو؟ یاخود ژیانی کۆیلەکان؟ یاخود ئەرمەنییەکان، جووەکان، یۆنانییەکان، عەلەوییەکان، ڕۆمانییەکان، کوردەکان، سۆفییە زەندیقییەکان؟ هەر کەسێک کە خراوەتە پەراوێزەوە، چیرۆکەکانیان چۆن بوون؟

پێویستە بەم پێشینەیەوە بیر لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی حکومەتی تورکیا بکەینەوە بە گۆڕینی هایا سۆفیا بۆ مزگەوت.

وەک شاکارێکی تەلارسازیی، کلتووریی و هونەریی، هایا سۆفیا لە زۆر ڕووەوە بێهاوتایە. هەروەها بەهای سیمبولیی گەورەی هەیە. لە سەردەمی ئیمبراتۆریەتی بێزەنتییدا وەک کاتیدراڵێکی ئۆرسۆدۆکسی مەسیحی دروستکراوە، بە خێراییەکی بەرچاو لە ساڵی ٥٣٧ و لە کەمتر لە شەش ساڵدا تەواوکرا. ئەوە ئارەزووی ئیمبڕاتۆر جەستینین بوو کە مەزنیی خۆی بۆ جیهان بسەلمێنێت، بە جۆرێک کە دەگوترێت لە کاتی چوونە ژورەوەیدا بۆ بینا تەواوکراوەکە بە سەرسامییەوە گوتویەتی: "ئای سڵێمان! پێشم دایتەوە."

بۆ ماوەی نزیکەی ٩٠٠ ساڵ وەکو کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکسی مایەوە(تەنها بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت کە خاچپەرستان گۆڕییان بە کەنیسەیەکی کاسۆلیکی)تا ئەو کاتەی تورکە عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٥٣دا دەستیان بەسەر ئیستانبوڵدا گرت. دوای گرتنی شارەکە، سوڵتان فاتیح کردی بە مزگەوت و بۆ ماوەی ٤٨٠ ساڵ بەو جۆرە مایەوە. ئەم جۆرە گۆڕینە زۆرەملێیانە تەنها لە ئەستەنبووڵ ڕووویان نەدا. هەر لە ئیسپانیاوە تا یۆنان، چەندین مزگەوت گۆڕدران بۆ کەنیسە، مەزکیتای گەورەی قورتەبەش نمونەیەکی دیارە بۆ ئەوە. ئەوەی کە لەبارەی هایا سۆفیاوە نائاسایی بوو ئەوە بوو کە لە ساڵی ١٩٣٤ لە ژێر دەستەڵاتی ئەتاتورک و بوونی تورکیا بە وڵاتێکی نەتەوەیی مۆدێرندا، باڵەخانە مێژووییەکە کرا بە مۆزەخانە، شوێنێکی عەلمانی. ئەمە ئەو میراتەیە کە لە ئێستادا ئەردۆگان دەیەوێت هەڵی بگێڕێتەوە.

ناوەوەی هایا سۆفیا، کە پڕە لە کاری هونەریی نایاب، هەروەکو تەلارسازییەکەی دڵگیرە. بەزەنتینیەکان کە خۆیان بە میراتگری سرووشتیی ڕۆمی کۆن دەزانی، شوێنەکەیان بە جوانکاریی بەنرخ ڕازاندۆتەوە کە جەخت لە بانگەشەکەیان دەکاتەوە. ئەوەی کە هەمیشە سەرسامیی کردووم ئەوەی ییمبراتۆر زوییە، بە چاوە گەورەکانی، لوتە سەرنجڕاکێشەکەی و زیرەکییە بڕندەکەیەوە؛ فەرمانڕەوایەکی مێینە کە سێ مێردی هەبوو(کە وای پێویست دەکرد هەموو جارێک خشتەکانی ڕوخساریان بگۆڕدرێن تا ڕێک بکەوێت). دانەیەکی تریان ئەوەی مریەمی پاکیزەیە کە عیسای ساوای بە باوەشەوەیە. هەر بەم وردەکاریانەی جوانکارییەکانی بێزەنتینەوە، دواتر کاری جوانی خۆشنووسی ئیسلامیی بۆ زیاد کرا. لە سەروو ستوونە گەورەکانەوە، ئایەتێک لە قورئان هەیە: "خودا ڕووناکی ئاسمان و زەوییە." هەموو ئەمانە  لە هەمان شوێندان.

ئەمە ئەو جیاوازییە دیارەیە کە هایا سۆفیا جیا دەکاتەوە. ئەوە نییە کە ڕۆژانێک کڵێسەبووە، یاخود مزگەوت بووە بەڵکو ئەو ڕاستیەیە  کە لەمیانەی ڕێرەوی مێژووی خۆیدا چەندین کلتوور، باوەڕ و عەلمانییەت، میراتی جیهانگەرایی و مێژووی ناوچەیی پێکەوە کۆکردۆتەوە، ئاین، سیاسەت، کلتوور وهونەری پێکەوە چنییوە. ئەمە ئەو مێژووە ئاڵۆزەیە کە لە ١٠ی تەمموز و لە ڕۆژی هەینییدا خرایە لاوە، کاتێک سەرۆک ئەردۆگان بڕیاری دا کە بیناکە بۆ نوێژکەرانی موسوڵمان بکاتەوە ئەمەش لە پاش ئەوەی دادگا شوێنەکەی وەک مۆزەخانەیەک هەڵوەشاندەوە. ئەو بینایەی کە مێژووەکەی ١٥٠٠ ساڵە کە یەکێکە لە شوێنەوارەکانی میراتی جیهانیی یونسکۆ، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە سەرپەرشتیی دەکرا، بەڵام ئێستا گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینی.

بە پێی ڕاپرسییەکی ئاژانسی میترۆپۆڵ، زۆرینەی ڕای گشتی تورکیا باوەڕی وایە کە لە پشت بڕیارەکەوە دەستکەوتی سیاسیی هەیە ئەوەش لە ڕێی دروست کردنی دیبەت لە بارەی بابەتەکەوە . ئابووری تورکیا کە بۆ ماوەیەکی زۆرە لە پاشەکشەدایە، بە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و قەیرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا باری قورستتر بوو و بەم هەنگاوەی ئەم دواییەی سەرۆک ئۆردۆگان وا دەردەکەوێت کە بۆ بنکە جەماوەرییەکە ترادیشناڵەکەی سەرنجڕاکێش بێت. لە وتارێکی جەماوەرییدا لەبارەی ڕاگەیاندنەکەوە گووتی:" مافی گەلی تورک لە هایا سۆفیادا لە هی ئەوانە کەمتر نییە کە ١٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دروستیان کرد؛ بەڵکو زیاتریشە." کە دواتر چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتیی وەک "داگیرکردنی دووەم" ئاماژەیان بە بڕیارەکە دەدا.  تەنانەت هەندێک سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن بە گوتنی ئەوەی کە دەیانەوێت بەشداری لە یەکەم نوێژدا بکەن، هاتنە نێو کۆڕەکەوە .

لە کاتێکدا کە کەمینەکانی تورکیا، علمانیەکان، لیبڕاڵەکان و پێشکەوتنخوازەکان بە دڵێکە گرانەوە تەماشای ئەمەیان دەکرد. ئەندام پەرلەمانی ئەرمەنی-تورکی ، گارۆ پایلان لە ئنستگرام نووسی: ئەمە "ڕۆژێکی غەمگینە بۆ مەسیحییەکان و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە تورکیای فرەخواز هەیە". لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی  NBCگوتی ئەردۆگان " ناتوانێت نان بە خەڵکەکە بدات و ڕادیکاڵیزمی زیاتر دەدات بە زۆرینەی موسوڵمان" .تەنانەت لە پێش ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، فایەق ئۆزتورک، وتەبێژی گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی بە ئاشکرا ڕەخنە لە پێشنیارەکە دەگرن خۆیان دووچاری ئەوە دەکەن کە وەک ناپاکیکەر لە گەلەکەیان دابنرێن.

بەڵام هیچ یەکێک لەمانە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هایا سۆفیا لە هەموو حکومەتێک کۆنترە. ئەم گەوهەرە تەلارسازیی، هونەری و مێژووییە هی تەنها هۆزێک یاخود پارتێکی سیاسی نییە بە چەپ و ڕاستەوە. هایا سۆفیا هی هەریەک لە موسوڵمان و مەسیحییەکانە. لەوەش زیاتر، هی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەم نەوەیەی ئێستای تورک خاوەنی نییە، ئێمە تەنها دەتوانین پارێزگاریکەرێکی کاتیی بین لێی بۆ داهاتوو. ئەم باڵەخانە بێهاوتایە، بە هەموو چیرۆکەکانییەوە، دەبوو وەک مۆزەخانەیەک، شوێنێکی مەدەنی بمێنێتەوە کە دەرگاکانی بۆ هەموان کراوە بن، کەسانی هەموو ڕێبازەکان و ئەوانەش کە هیچ رێبازێکیان نییە-چونکە گومەزەکەی هێندە گەورەیە کە بتوانێت هەموو مرۆڤایەتیی بگرێتە باوەش.


سەرنج: پێشتر ئەم وتارە لە سایتی کلتوور ماگەزین بڵاوبۆتەوە.

 

Comments