"با ئەمریکا ببێتەوە بە ئەمریکا" ی لانگستن هیوز



لانگستن هیوز(١٩٠٢-١٩٦٧) شاعیر، ڕۆماننوس، چیرۆک نووس و شانۆنووسی ئەمریکی لە ١ی شوباتی ساڵی ١٩٠٢ لە ویلایەتی میزوری لە ئەمریکا لەدایکبووە. هیوز ناسراوە بە وەسفە ورد و پڕڕەنگەکانی بۆ ژیانی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا هەر لە بیستەکانەوە تا شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. لە شیعری "با ئەمریکا ببێتەوە بە ئەمریکا"دا  کە لە ساڵی ١٩٣٥دا نووسیویەتی وێنەیەکی تەواو وردی بۆ خەونی ئەمریکا کێشاوە کە لە واقیعدا جگە لە خەونێکی پوچ هیچی دی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئومێدی هەیە کە ڕۆژێک بێت خەونی ئەمریکا بێتە دی.

با ئەمریکا ببێتەوە بە ئەمریکا
 لانگستن هیوز
لە ئنگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

با ئەمریکا ببێتەوە بە ئەمریکا
با ببێتەوە بەو خەونەی جاری جاران
بە پێشرەوی نێو دەشتاییەکان کە بۆ نیشتیمانێک دەگەڕا تێیدا ئازاد بێت
 )ئەمریکا هیچ کات بۆ من ئەمریکا نەبووە.(

با ئەمریکا ببێتەوە بەو خەونەی خەونبینەکان خەونیان پێوە بینی
با ببێتەوە ئەو خاکە مەزنە بەهێزەی خۆشەویستی
کە تێیدا نە پاشاکان چاوپۆشییان لێ دەکرێت نە ستەمکاران پیلان دەگێڕن
تا هەر کەسێک لە سەرووی خۆیەوە تێکبشکێندرێت.
)ئەمریکا هیچ کات بۆ من ئەمریکا نەبووە(

ئای، با خاکەکەم خاکێک بێت کە تێیدا سەربەستی
تاجەگوڵینەی نیشتیمانپەروەری ساختەی لەسەر نەکرابێت
بەڵکو دەرفەت ڕاستەقینە بێت و ژیان ئازاد بێت
یەکسانی لەو هەوایەدا بێت کە هەڵی دەمژین.
)یەکسانی بۆ من هیچ کات بوونی نەبووە(

ئەی ئەو کەسەی لە تاریکیدا دەمنگێنێت، بڵێ تۆ کێیت؟
تۆ کێیت کە پەردەی ڕوت بە درێژایی ئەستێرەکان دەکێشیت؟
من هەژارێکی سپیپێستم، هەڵخەڵەتێنراو و وەلانراو
من ڕەشپێستێکم بە جێ برینی کۆیلایەتییەوە.
من ئەو هندییە سورەم کە لە خاکەکەی بێبەش کراوە،
من ئەو کۆچبەرەم دەستم گرتووە بە ئومێدێکەوە کە بە شوێنیدا وێڵم و
لەبری ئەوە تەنها هەمان پلانی گەمژانەی کۆن دەبینم
کە سەگ سەگ دەخوات و بەهێز لاواز تێکدەشکێنێت.


من ئەو گەنجەم کە پڕم لە هێز و ئومێد،
کوشتەی دەستی زنجیری دێرین و ناکۆتای
قازانج، دەستەڵات، چنگکەوتن و خاک داگیرکردن،
دەستبەسەراگرتنی زێڕ و هەر ڕێگایەک بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان
کارپێکردنی پیاوان و خواردنی پارەکەیان!
هەبونی هەموو شتێک تەنها بە خاتری چڵێسیم .

من ئەو جوتیارەم کە کۆیلەی پارچە زەویەکم.
من ئەو کرێکارەم کە فرۆشراوم بە ئامێر.
من ئەو رەشپێستەم کە خزمەتکاری هەموتانم.
من ئەو خەڵکە ڕەش و ڕوت و برسی و تڕۆکراوەم
کە لەگەڵ بوونی خەونی ئەمریکادا هێشتا هەر برسیم.
هێشتا لێدەدرێم_ ئای، پێشڕەوایان!
من ئەو پیاوەم کە هیچ کات دەرفەتی چوونەپێشەوەی نەبووە،
هەژارترین کرێکار کە لە  تەواوی ئەو ساڵانەدا ئەم دەست و دەستی پێکراوە.

هێشتاش ئەوە من بووم کە لە جیهانێکی کۆن و ژێردەستەیی پاشاکاندا
خەونە بنچینەییەکەمانم بینی
 هێندە بەهێز، هێندە بوێرانە و هێندە ڕاستەقینە
کە هێشتا گۆرانییە بوێرانە بەرزەکانی
لە هەر خشت و بەردێکدا، لە هەر گۆلێکدایە کە هەڵدراوەتەوە
هەر ئەوەش ئەمریکای کرد بەوەی  بوو.
ئای، من ئەو پیاوەم کە لە سەودای ئەوەی مەبەستم بوو ببێت بە نیشتیمانم
 بە کەشتی دەریاکانی پێشەوەم دەبڕی
چونکە من هەر ئەوەم کە کەناراوە تاریکەکانی ئێرلەندا
دەشتاییەکانی پۆڵەندا و پەنا گیاییەکانی ئنگلتەرام جێهێشت
لە کەنارە لماوییەکانی ئەفریقای ڕەش جیاکرامەوە و
هاتم تا نیشتیمانێک بۆ مرۆڤە ئازادەکان بنیات بنێم.
مرۆڤە ئازادەکان؟
کێ گووتی ئازاد؟ من نا؟ بێ گومان من نا؟
هەر ئەو ملیۆنان کەسانە نەبوون کە ئێستا بە هاوکاری دارایی دەژین؟
ئەو ملیۆنان کەسەی کە کاتێک مان دەگرین، تەقەیان لێ دەکرێت؟
ئەو ملیۆنان کەسەی کە هیچیان نییە تاوەکو لە بەرامبەر کارەکانماندا پێمانی بدەن؟
بۆ هەموو ئەو خەونانەی بینیمان
بۆ هەموو ئەو گۆرانییانەی گوتمانەوە
و هەموو ئەو ئومێدانەی لە سینەمان گرتن
و هەموو ئەو ئاڵایانەی هەڵماندا،
ئەو ملیۆنان کەسەی کە هیچیان پێ نییە لە بەرامبەر کارەکانماندا پێمانی بدەن
جگە لە خەونێک کە لە ئەمڕۆدا بە مردن مردووە .

ئای، با ئەمریکا ببێتەوە بە ئەمریکای جاران-
ئەو خاکەی کە هیچ کات دروست نەبوو-
لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەبێت دروست بێت
ئەو خاکەی کە تێیدا هەمووان ئازادن.

ئەو خاکەی کە هی منە، منی هەژار، منی هندی سور، منی ڕەشپێست، هەموو ئەو منانەی کە ئەمریکایان دروست کرد،
کە خوێن و ئارەقەیان، باوەڕ و ئازاریان،
دەستیان لە کارگەی کانزادا، لە ژێر باراندا زەوی کێڵانیان
دەبێت خەونە گەورەکەمان بۆ بگەڕێننەوە.

بە دڵنیاییەوە، دەتوانیت بە هەر ناوێکی ناشرین بانگم بکەیت کە دەتەوێ-
پۆڵای ئازادی ژەنگ هەڵناهێنێت.
دەبێت خاکەکەمان لەوانە وەربگرینەوە کە هەروەکو زەروو
لەسەر ژیانی خەڵک دەژین، کە ئەویش ئەمریکایە!
ئای بەڵێ، زۆر بە سادەیی دەیڵێم
ئەمریکا هیچ کات بۆ من ئەمریکا نەبووە
بەڵام هێشتا ئەم سوێندە دەخۆم-
ئەمریکا هەر دەروست دەبێت!لە دەرەوەی  فەرامۆشی و وێرانکاریی چەتەکانی مەرگمان 
دەستدرێژی و بۆگەنیی قازانجی نایاسایی و دزەکردن و درۆدا
ئێمەی خەڵک دەبێت خاکەکە، کانەکان، ڕووەکەکان و
 ڕووبارەکان ڕزگار بکەین.
چیاکان و دەشتە ناکۆتاکان
هەموو بستێکی ئەم ویلایەتە سەوز و مەزنانە ڕزگار بکەین و
ئەمریکا دروست بکەینەوە!



Comments