چەند شیعرێکی سکۆت تۆماس ئۆتلەر



سکۆت تۆماس ئۆتلەر شاعیرێکی ئەمریکییە. کارەکانی بۆ خەڵاتی پوشکارت و باشترینی نێت هەڵبژێردراون. براوەی خەڵاتی گۆڤاری سێتوی 2017بوو بۆ پلەی نایاب لە بواری وێژەدا. بژاردەیەک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانە ئەفریقیەکان، ئەلبانی، هۆڵەندی، فارسی، فەڕەنسی، ئیتاڵی و سربی.
وەرگێڕانی شیعرەکان لە ئنگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

نەخشەکان

لە شەقی زمانتەوە،
لە ڕەشایی سییەکانتەوە تێر مۆسیقام کە.
تێبینیم دەوێت بۆ ڕزگاری ،
ژاوەژاوی هەروەکو تاعونم دەوێت.
سپێڵە نەرمەکانت لەسەر پێستم بڕێسە،
بڕبڕە کارەباییەکانی پشت،
گۆرانیەکم دەوێت بۆ تاریکیەکە،
سەمایەکم دەوێت کاتێک ئەو کاتژمێرە بەرەو ماندوو بوون دەچێت.
٭٭٭٭٭
سنەوبەری شین

ڕاوێژم بە ئەستێرەکانم کرد
لەمیانەی سپێڵێکی ووشکی دەشتاییدا
پێیان گوتم لەسەر چیمەنەکە ڕابکشێ
پۆشەرێک لە گەڵاکان دروست بکە.
پێیان گوتم لەو وەرزەدا کە ئاسمان بەرەو ساردیی دەچێت، ئاگرێک بکەمەوە،
گوتیان تەمەن تەنها ژمارەیەکە تا ئەو کاتەی دەتکوژێت.
گەرم لە ئێسکەکاندا کە تێیدا ئازار دەتوێتەوە
پێیان گوتم کە درەختەکان هەمیشە خۆشیان دەوێیت،
بەڵام بە تەنها ناتوانن خۆیان لە زریان بپارێزن.
پێیان گوتم کە تەنانەت قەشەکانیش فێڵ دەکەن،
ئەو کاتەی هەوڵدەدەن ڕوحی گوناهکارێک ڕزگار بکەن.
پێیان گوتم کە کاتژمێری کات تەنها وەهمێکە،
کاتێک هەست بە هێواشی دەکەم، کاتژمێرێک زیاد بکەم.
لە شەودا کە مانگ نزم هەڵواسرابوو، لەگەڵ تارماییەکانمدا دووام
پێیان گوتم هەموو بژاردەیەک بەرەو یەکێکی دی دەچێت،
بەڵام بیرت نەچێت کە هەناسە بدەیت.
٭٭٭٭٭٭
چڵەکان

چڵەکان دەئاڵێن بە گیرەرەکانیانەوە،
لە کاتێکدا بەردەوامن لە فراوانکردنی ڕێژەدا
هەروەک چۆن دڵم لە شوێنێکدا لەگەڵ تۆدا دانراوە
و هێشتاش هەر گەشە دەکات.
تەنها بەم شێوە دەتوانم فێربم کە زیاتریشم خۆش بوێیت.
٭٭٭٭٭٭
هەڵلەرزین

لە دەرەوە
لە ژێر مانگی نیوەشەودا وەستاوم،
لەگەڵ تەزووە کارەباییەکانی خوێنمدا دەست دەکەم بە هەڵلەرزین.
تەنها لەوەدا تیاماوم:
ئەوە ڕوحی پیرۆزە دەجوڵێتەوە
یاخود منم و خەریکە ڕەق ببمەوە!
ئەم ژیانە هەر ئەوەیە کە پێکی دەنێیت ئازیزم!
ئەم جەستەیە لەسەر ئاگرە
بۆ خوارەوە، بۆ نێو مۆخی ئێسکەکانم.
٭٭٭٭٭٭٭
لەبارەی ئارەقە و خوێنەوە

زیوین و خوێناوی،
کانزایی،
ئەم سپێڵانە تیژ کراون
دواهەمین دەنکی ئارەقە
لە ڕێی ئەسیلەوە دڵۆپە دەکات
ڕومەتت
برۆم

بارەکانمان داگیرایە خوار

دواهەمین دڵۆپی خوێن
لە وەرگەڕانەکەدا بوو بە قوربانی
چەقۆی تۆ
گۆشتی من
برینی تازە لەوە ناچێت ساڕێژ ببێت!
٭٭٭٭٭
هەڵگەڕاندنی پێناسە

هونەر دامەزراوەیەک نییە
ئاگرێکی ناوەکیە
لەو کەسانە هاتۆتە بوون
کە چاوەکانیان قووڵ بۆ نێو ئاگرێکی سوتێنەری شاراوە دەدرەوشێنەوە.
هونەر کلاسێک نییە ئەکادیمیا وانەی تیا بڵێتەوە
بەڵکو لەرەیەکی پیرۆزە
لە ڕێی دەماری خوێنی ئەو کەسانەوە لێدەدات
کە هەست بە ڕاستیی بێگەردیی نمونەیی ئەم جیهانە دەکەن.
هونەر جۆرە مامەڵەیەک نییە
دەربڕینێکی پڕ هەستە
کە جگە لە دەرهاتن چارەیەکی تری نییە
هەروەکو ڕەنگدانەوەیەک بۆ سەرچاوەکەی.
هونەر پڕوپاگەندەی فرۆشتنی کاڵا نییە
سۆزێکی توندە
لەگەڵ دیمەنی بان سرووشتیی
کریستاڵییدا جوت بووە
کە توندوتیژانە مەودای نوێ دەکاتەوە
هونەر هێشتا ئامادە نییە بۆ نێو گۆڕ
ناڕەزایەتییەکی توڕەیە
لە دژی لاشەی نانەمر
کە شیرینترین ئاواز لە بارەی تێپەڕاندنی ئەشکەنجەکانی ژیانەوە دەچڕێت.

Comments