بە بێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری جیهانی، ناتوانین قەیرانی پەنابەرانی ئەوروپا چارەسەر بکەین.

بە بێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری جیهانی، ناتوانین قەیرانی پەنابەرانی ئەوروپا چارەسەر بکەین.
سلاڤۆژ زیزەک
لە ئنگلیزیەوە: ڤییەننا سەلام

ئەم وتارە پێشتر لە هەفتەنامەی باس بڵاوبۆتەوە.

ئیلیزابێس کوبلەر-ڕۆس لە توێژینەوە کلاسیکیەکەیدا لە بارەی مەرگ و مردنەوە، هێڵکاریەکی لەبارەی چۆنێتی کاردانەوەمان بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە نەخۆشییەکی کوشندەمان هەیە کێشاوە:ڕەتکردنەوە)کاتێک کەسێک زۆر بە سادەیی قبووڵکردنی ڕاستییەکە ڕەت بکاتەوە"نابێت ئەمە بەسەر مندا بێت("تووڕەیی)ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە ئیدی نەتوانرێت نکۆڵی لە ڕاستییەکە بکرێت"چۆن دەبێت شتێکی وا بەسەر مندا بێت(" سەوداگەری)هیوایەک بەوەی کە بە جۆرێک بتوانرێت ڕاستییەکە دوابخرێت یاخود لە نرخ و قەبارەی کەم بکرێتەوە"هیچ نەبێت با تا بینینی منداڵەکانم کە لە زانکۆ دەردەچن،لە ژیاندا بم("دەستبەرداربوون)من دەمرم، ئیدی بۆچی خۆم سەرقاڵ و بێزار بکەم، پێویست بە غەمخواردن ناکات(قبووڵکردن)ناتوانم بەرەنگاری ببمەوە، بەڵام دەکرێ بتوانم خۆمی بۆ ئامادە بکەم(دواتر کۆبلەر-ڕۆس هەریەک لەم ئاستانەی بەسەر هەر جۆرێک لە کارەساتی لەدەستدانە کەسییەکاندا جێ بە جێ کرد)  بێ کاری، مردنی کەسێکی ئازیز،جیابوونەوەی هاوسەرگیری، ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان.(هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە مەرج نییە ئەم قۆناغانە بۆ هەر حاڵەتێک بە هەمان پۆلێن ڕووبدەن، هەموو نەخۆشێکیش مەرج نییە بە هەر پێنج قۆناغەکەدا بڕوات.
ئایا کاردانەوەی دەستەڵاتدارانی ڕۆژئاوای ئەوروپا بەرامبەر لێشاوی پەنابەرانی ئەفریقیا و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست پێکهاتەیەکی هاوشێوە نییە لە کاردانەوەی جیاواز؟پێشتر ڕەتکردنەوە هەبوو، ئێستاش لە بەها کەمکردنەوە" ئەمە شتێکی زۆر جدی نییە، با هەر وەلای نێین" توڕەیی هەیە" پەنابەران هەڕەشەن بۆ سەر ژیانمان، موسوڵمانی توندڕەویان لەنێودان، دەبێت بە هەر نرخێک بووە بیانوەستێنین"سەوداگەری هەیە"باشە، با یەکەی تایبەت پێکبهێنین و پشتگیری لە درووستکردنی کەمپ بکەین بۆیان لە ووڵاتانی خۆیاندا" نائومێدی و دەستبەرداربوونیش هەیە"ئێمە تیاچووین، ئەوروپا دەگۆڕێت بە ئەوروپستان" ئەوەی کە نییە قبووڵکردنی بارودۆخەکەیە کە ئەوەش پێداگری ئەوروپیەکان دەبێت لەسەر دانانی بەرنامەیەک  بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەراندا.
ئێستا دەبێت چی بکرێت لەگەڵ سەدان هەزار مرۆڤی بێچارەدا کە لە باکووری ئەفریقیا لە چاوەڕوانی دان، کە لە دەستی شەڕ و برسێتی هەڵاتوون و لە هەوڵی ئەوەدان ئاوی دەریا ببڕن و لە ئەوروپادا پەناگەیەک بدۆزنەوە بۆ خۆیان؟
لەم بارەیەوە دوو وەڵامی سەرەکی هەن، لیبراڵە چەپەکان بەوەی کە چۆن دەکرێت ئەوروپا ڕێگە بە خنکانی هەزاران کەس بدات لە دەریای ناوەڕاستدا ،توڕەیی خۆیان دەردەببڕن و داواکاری ئەوان ئەوەیە کە دەبێت ئەوروپا دەرگاکانی خۆی بە شێوەیەکی فراوان بۆ پەنابەران بخاتە سەر پشت. ڕەگەزپەرستانی دژە پەنابەریش دەڵێن کە دەبێت پارێزگاری لە شێوازی ژیانی خۆ بکەین و لێگەڕێین ئەفریقیەکان خۆیان کیشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.
کام لەم ڕێگەچارانە باشترن؟گەر وتەیەکی ستالین بە جۆرێکی دی دابڕێژینەوە،ئەو دووانە یەک لە یەک خراپترن. ئەوانەی کە داوای واڵاکردنی سنوورەکان دەکەن، زۆرتر کەسانی دووڕوون:زۆرباش ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەم شتە ڕوونادات، لەبەر ئەوەی ئەمە دەستبەجێ ڕێگە بۆ یاخی بوونی ڕەگەزپەرستانە خۆش دەکات. ئەوان تەنها ڕۆڵی ڕووحێکی جوان و ئاشتیخوازانە دەبینن.  ئەو ڕەگەزپەرستانەش کە دژی هاتنی پەنابەرانن، زۆرباش دەزانن گەر کێشەکان بۆ ئەفریقیەکان خۆیان جێبهێڵرێن، ئەوا سەرکەوتوو نابن لە گۆڕینی کۆمەڵگاکانیاندا، بۆچی نا؟لە بەرئەوەی باکووری ئەمریکا و ڕۆژئاوای ئەوروپا ڕێگەیان نادەن. ئەوە هەر دەستێوەردانەکانی ئەوروپا بوو لە لییبیا کە ئەو وڵاتەی خستە نێو ئاژاوە و سەرگەردانییەوە. هەر هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر عێراق،کە دۆخێکی وای درووستکرد داعش سەرهەڵبدات. ئەو جەنگە نێوخۆییەی کە ئێستا لە نێوان کۆمارەکانی ئەفریقیادا  ڕوودەدات، بە تەنها تەقینەوەی ڕق و کینەی نەتەوەیی نییە، هەریەک لە فەڕەنسا و چین لە لایەن نوێنەرانی خۆیانەوە لەوێ شەڕی دەستگرتن بەسەر سەرچاوە نەوتییەکاندا دەکەن.
بەڵام دیارترین کەیسی تاوانی ئێمە لە ئەمڕۆدا کۆنگۆیە، کە بۆ جارێکی دی وەک "دڵی تاریکی" ئەفریقیا دەردەکەوێتەوە. گەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ۲٠٠۱، لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگۆ دەریخستووە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان زیاتر لەبارەی دەست پێڕا گەیشتن ، دەست بەسەرداگرتن و بازرگانیکردنە بە پێنج کەرەستە کانزاییە سەرەکیەکانی کۆڵتان، ئەڵماس، مس، کۆباڵت و زێڕەوە . دەتوانین لە پشتی شەڕوشۆڕ و ناکۆکیە نەتەوەییەکانەوە، جم و جۆڵی سەرمایەداری جیهانیش ببینین. کۆنگۆ چیتر دەوڵەتێکی یەکگرتوو نییە، بەڵکو چەند هەرێمێکە کە لەلایەن سەرکردە سەربازییە ناوچەییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە بە بەکارهێنانی سوپایەک کە منداڵی ئالوودەشی لەخۆگرتووە، دەستییان گرتووە بەسەر زەویە لێکدراوەکانیاندا. هەریەک لەم سەرکردە سەربازییانە کار و بازرگانیان لەگەڵ کۆمپانیا یاخود دەزگایەکی بیانییدا هەیە کە  سامانی کانزایان بۆ خۆیان قۆرخکردوە لە ناوچەکەدا. ئەوەی جێگای پێکەنینە لێرەدا ئەوەیە کە زۆرێک لەم کانزایانە لە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بەکاردێن، لەوانە لاپتۆپ و ئامێری مۆبایل .
گەر کاری کۆمپانیا بیانییەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم لە هاوکێشەکە دەربهێنین، ئەوا ئەوەی دەمێنێتەوە لە ناکۆکییە نەتەوەییەکان کە بە وروژاندنی هەست و سۆز وەگڕدەدرێ، لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێت لێوەی دەست پێ بکەین ، گەر بمانەوێت یارمەتی ئەفریقییەکان بدەین و شاڵاوی پەنابەران بوەستێنین. یەکەم شت کە دەبێت وەبیری بهێنینەوە ئەوەیە کە زۆربەی پەنابەران لە "دەوڵەتە شکستخواردوەکان" ەوە دێن-کە تیایدا دەستەڵاتی گشتی کەم تا زۆر بوونی نییە یاخود بێ کەڵکە، بە لایەنی کەمەوە لە ووڵاتە گەورەکانی وەک سوریا،لوبنان،عێراق، لیبیا، سۆماڵ، کۆنگۆ، هتد، پووکانەوەی دەستەڵات دیاردەیەکی ناوخۆیی نییە بەڵکو دەرئەنجامی ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتییە-لە هەندێ کەیسی وەک سووریا و عێراقدا دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاوایە. ئەوە ئاشکرایە کە دەرکەوتنی ئەم دەوڵەتە شکستخواردووانە بەتەنها بەدبەختیەکی نەخوازراو و بێ مەبەست نییە بەڵکو یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە زلهێزەکان بۆ داگیرکاری ئابووری گرتوویانەتە بەر.
دەکرێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە دەشێت تۆوی "دەوڵەتە شکستخواردووەکان"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سنوورە کێشراوەکانی دوای جەنگی جیهانیدا لەلایەن بەریتانیا و فە
رەنساوە چێندرابێت و بەوجۆرەش ژمارەیەک ووڵاتی دەستکرد درووستکران. دواجار داعش لەڕێی یەکخستنی سوننەکانی سوریا و عێراقەوە، ئەوە لێکدەداتەوە کە سەردارە داگیرکەرەکان بەش بەشیان کرد.
ڕاستییەک کە جێگای باوەڕ نییە ئەوەیە کە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە عێراق، میسر، تورکیا کە زۆریش دەوڵەمەند نین، گەلێک لە ووڵاتانی هەرە دەوڵەمەندی وەک)سعودیە،کوەیت،ئیمارات،قەتەر(کراوەترن بە ڕووی پەنابەراندا. عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لەقەیران هاوسنوورن و لە ڕووی کلتووریشەوە لە ئەوروپا نزیکترن لێیانەوە، هیچ پەنابەریان وەرنەگرتووە. سعودیە تەنانەت
بەشێک لە پەنابەرانی سۆماڵی ووڵاتەکەی بۆ ووڵاتی خۆیان ناردەوە. ئایا ئەمە بە هۆی ئەوەوەیە کە سعودییە دەوڵەتێکی ئایینی بنەڕەتییە کە رێ بە هیچ هاتوویەکی بیانی نادات؟ ناکرێت ئەوە لە یادبکرێت کە هەر هەمان عەرەبستانی سعودیە لە لایەنی ئابوورییەوە بە تەواوی بە ئەوروپاوە بەستراوەتەوە. گەر لە ڕوانگەیەکی ئابوورییەوە بپرسین، ئایا عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات ووڵاتانێکن کە بە تەواوی و بە تەنها پشتیان بە داهاتی نەوتی خۆیان بەستووە و پشتیان بە سەرمایەدارانی ڕێزی پێشەوەی ئەوروپا نەبەستووە؟ پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری تەواو بخاتە سەر هەریەک کە عەرەبستانی سعودیە، کوەیت و قەتەر تا بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن لە وەرگرتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەران. لەوەش زیاتر، بە هۆی پشتیوانییەکانیەوە لە شۆڕشگێڕانی دژە ئەسەد ، عەرەبستانی سعودیە تا ڕادەیەک بەرپرسیارە لە بارودۆخی سوریا. هەمان شت بە پلەی جیاواز بۆ ووڵاتانی دیکەش ڕاستە.
-ئێمە هەموومان لەمەدا پێکەوەین.
کۆیلایەتیەکی نوێ
تایبەتمەندییەکی دی ئەم ووڵاتە دەوڵەمەندانە دەرکەوتنی جۆرێکی نوێیە لە کۆیلایەتی.  لە کاتێکدا کە سەرمایەداری وەک سیستمێکی ئابووری کە ئەوپەڕی ئازادییە کەسییەکانی لە خۆگرتووە، ڕەوایەتی بە خۆی دەدات)وەک مەرجێک بۆ ئاڵوێری بازاڕ،(وەک بەشێک لە داینامیەتی خۆی، کۆیلایەتی دەهێنێتە کایەوە:هەرچەندە کۆیلایەتی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەرەو نەمان چوو، جارێکی دی لە داگیرکارییەکانی سەرەتاکانی سەدەی مۆدێرنەوە پەیدابووەوە تاوەکو جەنگی نێوخۆیی ئەمریکا.دەتوانین سەرکێشانە گریمانی ئەوە بکەین کە لە ئەمرۆدا و لەگەڵ چەرخێکی نوێی سەرمایەداری جیهانیدا، سەردەمێکی نوێی کۆیلایەتیش دێتە کایەوە. سەرەڕای ئەوەی کە چیدی ئەوە بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و یاسایی بەڕێوەناچێت، لێ کۆیلایەتی شێوازگەلێکی نوێی لێ پەیدا دەبێت: بە ملیۆنان کرێکاری نیمچە دوورگەی ئیمارات و قەتەر بێبەشن لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ و هەموو جۆرە ئازادییەک و دەستگرتنی تەواو بەسەر ملیۆنان کرێکاری کارگەکانی ئاسیادا کە هەندێ جار ڕاستەوخۆ لە شێوەی ئۆردوگای زۆرەملێدا ڕێکدەخرێن. سەپاندنی ئەرکێکی زۆر بەسەر کرێکاراندا لەمیانەی قۆرخکردنی سەرچاوە سرووشتیەکان لە زۆرێک لە ووڵاتانی ئەفریقیای ناوەڕاستدا لەوانە کۆنگۆ و هتد. هەرچەندە پێویست ناکات زۆر دوور بڕوانین. لە 1ی دیسەمبەری 2013، لە کارگەیەکی جل و بەرگی چینی، لە ناوچەیەکی پیشەسازی شارۆچکەیەکی ئیتاڵیدا لە پرۆتۆ کە 9 کیلۆمەتر لە ناوەندی فلۆرەنساوە دوورە، بە لایەنی کەمەوە 7 کەس گیانیان لەدەستدا، سوتان و گیان لەدەستدانی کرێکاران لە نیشتگەیەکی لە کارتۆن درووستکراودا، ڕووداوەکە لە ناوچەی پیشەسازی "ماکرۆلۆتۆ" ی شارۆچکەکە ڕوویدا کە بە کارگە جل و بەرگەکانی ناسراوە. باوەڕ وابوو کە هەزاران پەناهەندەی چینی بە شێوەیەکی نایاسایی لە شارۆچکەکەدا دەژین کە ڕۆژانە زیاتر لە 16کاتژمێر کار بۆ ڕایەڵەیەک لە بازرگان وکارخانە دەکەن کە جل و بەرگی هەرزان بەرهەم دەهێنن.
هەر بۆیە پێویست بەوە ناکات لە دەوروبەری شەنگهای یا دووبەی و قەتەر بۆ ژیانی ناهەمواری نوێی کۆیلەکان بگەڕێین-کۆیلایەتی دەکرێت هەر لێرەدا بوونی هەبێت، لە نێو ماڵەکانی خۆماندا، بەڵام نایبینین)یانیش لەوە زیاتر، وا دەردەخەین کە نایبینین.( ئەم ڕاستیە نوێیە لەبارەی جیاکاری ڕەگەزییەوە، تەقینەوەی ئەم ژمارە زۆرەی شێوازی جیاواز لە کۆیلایەتی، کارەساتێک نییە جێگای شەرمەزاری بێت، بەڵکو پێویستییەکی بنچینەییە بۆ ئەمڕۆی سەرمایەداری جیهانی.
 
بەڵام ئایا ئەو کۆچبەرانەش کە بەرەو ئەوروپا دێن، خۆیان وەک هێزێکی ناجێگیر کار پێشکەش ناکەن کە لە زۆر باریشدا لەسەر داهاتی کرێکارانی ناوخۆ دەکەوێت کە ئەوانیش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم هەڕەشەیەی سەریان دەچنە  ڕیزی پارتە سیاسییەکانی دژە پەنارەوە؟ بۆ زۆربەی پەنابەران ئەمە دەبێتە واقیعی وەدیهاتنی خەونەکانیان.
پەنابەران بەتەنها لە نیشتیمانی بە جەنگ شێواویان هەڵنایەن، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا بە دڵنیایەوە هەڵگری خەونێکن. ئێمە بەردەوام لە شاشەکانەوە دەیانبینین. پەنابەرانی باشووری ئیتاڵیا ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەوان نایانەوێ لەوێ بمێننەوە و زیاتر ویستیانە لە ووڵاتە ئەسکەندەناڤیەکاندا بژین. ئەی چی لەبارەی هەزاران پەنابەری کامپەکانی "کالایس"ەوە کە بە فەڕەنسا ڕازی نین و ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ چوونە نێو شانشینی یەکگرتووەوە؟ ئەی لەبارەی دەیان هەزار پەنابەری ووڵاتانی باڵکان کە دەیانەوێت هیچ نەبێت بگەنە ئەڵمانیا؟ ئەوان وەک مافێکی ڕەوا لەم خەونەی خۆیان دەدوێن و بە تەنها داوای خواردنی درووست و چاودێری تەندرووستی لە دەستەڵاتدارانی ئەوروپا ناکەن، بەڵکو داوای گواستنەوەیان دەکەن بۆ ئەو جێگایەی هەڵی دەبژێرن.
مەبەستێکی یۆتۆپیایانەی ناڕوون لەم داواکاریە ئەستەمەدا  هەیە. وەک ئەوەی کە ئەوە ئەرکی ئەوروپا بێت خەونەکانیان بۆ وەدی بهێنێت. خەونێک کە ئەشێت بۆ زۆرێک لە ئەوروپیەکانیش وەدی نەیەت، چەندێک لە خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەن کە نەیانەوێت لە نەرویج بژین؟ لێرەدا دەتوانرێت خاڵی ناکۆکی یۆتۆپیاکە ببینرێت: بە زۆری کەسێک کە تەواو خۆی لە هەژاری و تەنگانە و مەترسیا ببینێتەوە و چاوەڕێ بکرێت بە کەمترین پارێزراوی و باشی گوزەران ڕازی بێت، یۆتۆپیای ڕەها دەتەقێتەوە. سەختترین وانە بۆ پەنابەران ئەوەیە"تەنانەت لە نەرویجیشدا، نەرویج بۆ ئەوان نیە"ئەوان دەبێت بە باشی چاویان لە خەونەکانی خۆیان بێت. لە بری ئەوەی لە واقیعدا خەونەکانیان بهێننە دی، تیشکۆیان لەسەر گۆڕینی واقیع بێت.
تابۆیەکی چەپەکان
یەک لە هەرە گەورەترین تابۆی چەپەکان کە دەبێت لێرەدا بشکێندرێت: چەمکی ئەو بیر و باوەڕەیە کە پاراستنی شێوازی ژیانی هەر کەسێک، خۆی لە خۆیدا، پۆلێنێکی فاشییانە یاخود ڕەگەزپەرستانەیە. گەر دەست لەم چەمکە هەڵنەگرین ، ڕێ بۆ شەپۆلی دژە پەنابەران خۆش دەکەین کە لە سەرانسەری ئەوروپادا سەریان هەڵداوە).تەنانەت لە دانیمارکدا، پارتی دژە پەنابەری دیموکرات بۆ یەکەمین جار بەسەر سۆشیالە دیموکراتەکاندا سەرکەوت و بوو بە بەهێزترین پارتی ووڵاتەکە.(  نیگەرانییەکانی هاوڵاتییانی ئاساییش لە بارەی هەڕەشەکان بۆ سەر شێوازی ژیانیان، دەکرێت لە لایەن چەپەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بێرنی ساندەرس بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوە! هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر شێوازی باوی ژیانمان، بیانیییەکان نین بەڵکو جم و جۆڵی سەرمایەداریەتی جیهانییە: بە تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، گۆڕانکاریە ئابوورییەکانی چەند دەیەیەکی ڕابردوو،لە کۆی هەموو پەنابەران کاریگەری زیاتری بەسەر شێوازی ژیانەوە هەبووە لە چەند شارێکی بچووکدا.
پێوەری کاردانەوەی لیبراڵە چەپەکان بۆ ئەمە، بە دڵنیاییەوە، تەقینەوەی فیزی مۆراڵیزمە. لەو کاتەدا کە هەر بایەخێک بە پاراستنی شێوازی ژیانی خۆ وەک پرسێک دەدەین، ئەوا پێشتر ویست و ڕەزامەندی لەسەر شوێنی خۆمان دەردەبڕین، چونکە بەوە وەشانێکی سادەتر لەوەی نەتەوەپەرستانی دژەپەنابەر داوای دەکەن، پێشکەش دەکەین. ئایا ئەمە هەر چیرۆکی دەیەکانی پێشوو نییە؟ پارتە میانڕەوەکان، جیاکاری ڕەگەزی دژە پەنابەران ڕەت دەکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، پەیڕەوی سیاسەتی تێگەیشتن لە نیگەرانییەکانی هاوڵاتیانی ئاسایی و دەرکردنی یاسای هۆشیارانەتر بۆ هەمان سیاسەت دەکەن.
لە کاتێکدا ئەمە چەقی ڕاستییەکانە، گلەیی مۆراڵییەکان کە" ئەوروپا هاوسۆزی لەدەستداوە، ئەمەش جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئێش و ناڵاندنی ئەوانی تردا" و هتد ، تەنها درک کردنێکە بە دڵڕەقی دژە پەنابەران. هەر یەک لەو هەڵوێستانەش ئەو گریمانەیەیان لەگەڵە کە بە هیچ شێوەیەک ئەوە ڕوون نییە کە بەرگریکردن لە شێوازی ژیانی خۆ لە مۆراڵی گشتی بەدەرە، بۆیە نابێت کەس بکەوینە نێو ئەو گەمە مۆراڵییەی کە "ئێمە دەتوانین تا چەندێک لێبووردە بین."  گەر ڕێگەیان لە چوونی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگەکانی ووڵات گرت، گەر هەر خۆیان هاوسەرگیری منداڵەکانیان ڕێکخست، گەر هاوڕەگەزبازەکانیان وەک شتێکی نامۆ بە بەهاکانیان پیشاندا،گەر شتەکان بگەنە ئێرە، بە دلنیاییەوە 5
لە بەرامبەردا ئێمە دڵفراوان نابین یاخود ئەشێ ئێمە هەر خۆمان دڵفراوان بین و مافەکانی ژنان پشتگوێ بخەین و هتد. تاکە ڕێگا بۆ شکاندنی ئەم بەربەستە ئەوەیە کە بابەتی دڵفراوانی و ڕێزگرتنی ئەوانی دی جێ بهێڵین و بچینە کیشمە کێشمێکی گشتگیر و ڕاستەقینەوە.
هەر لەبەر ئەوە پێویستە دید و تێڕوانینی خۆمان فراوان بکەین: پەنابەران باجی سیستمی ئابووری جیهان دەدەن. لەم جیهانەشدا کاڵاکان  بە ئازادی بڵاو دەکرێنەوە لێ کەسەکان نا. هەربۆیە جۆرێکی نوێ لە جیاکاری ڕەگەزی دێتە ئاراوە.
بابەتی دیواری کوندار )*(و هەڕەشەی داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن بیانییەکانەوە بابەتێکی جەوهەرییە بۆ سەرمایەدارییەتی جیهانی. ئەمە پێڕستێکە بۆ هەموو ئەوەی کە لەبارەی سەرمایەداریەتی جیهانییەوە هەڵەیە. لە کاتێکدا کۆچی بەرفراوان تایبەتمەندییەکی نەگۆری مێژووی مرۆڤایەتییە، هۆکاری پشت ئەمەش لە مێژووی مۆدێرندا، بەرفراوان بوونی داگیرکارییەکانە: وەک پێشینەیەک بۆ داگیرکاری، باشووری جیهان لە ژمارەیەک کۆمەڵگای خۆپەسەند و دوورە پەریز پێکهاتووە. ئەوە پیشەی داگیرکەران و بازرگانی کۆیلەکانە کە ئەم شێوازەی لە ژیان هێناوەتە کایەوە و دیاردەی کۆچی بەم ئەندازە بەرفراوانە نوێ کردۆتەوە.
ئەوروپا تاکە شوێن نییە کە ڕووبەڕووی شەپۆلی پەنابەران بووبێتەوە. لە باشووری ئەفریقیا، لەسەروو ملیۆنێک پەنابەر هەن کە لە زیمبابۆیەوە هاتوون و مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە لە لایەن هەژارانی ناوچەکەوە، بە هۆی بردنی کارەکانیانەوە، هێرشیان بکرێتە سەر و تا دێت ڕێژەکە زیاتر دەبێت. ئەمە نەک تەنها بە هۆی ململانێی چەکدارییەوە، بەڵکو بە هۆی دەوڵەتانی نوێی تڕۆکار، قەیرانی دارایی، کارەساتی سرووشتی)بە هۆی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەواوە،( کارەساتی مرۆیی و هتد. لە ئێستایا ئەوە زانراوە کە لە پاش توانەوەی ئەتۆمی فۆکوشیما، بۆ ساتیک، وا بیرکراوەتەوە کە تەواوی خەڵکی تۆکیۆ ، کە بیست ملیۆن کەس دەبوون،شارەکە چۆڵ بکەن، کە لەم بارەدا دەبوو بۆ چ جێگایەک چووبان؟ لە ژێر چ بار و دۆخێکا؟ دەبوو پارچەیەک زەوییان پێ بدرایە یاخود هەروا بە جیهاندا بڵاودەبوونەوە؟ چی دەبێت گەر باکوری سڕبیا لەگەڵ کاتدا نەشیاوتربێت بۆ نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ؟ ئەی گەر زۆربەی
هەرێمەکانی سەر بە ساهاران بە ڕادەیەک ووشک و بێ ئاو بکەون کە ئیدی ڕێ بە ژیانی ئەو دانیشتوانە زۆرەی ئەوێ نەدات؟ لەم بارانەدا چۆن ئاڵوگۆری دانیشتوان ڕێکدەخرێت؟ لە ڕابردوودا، کە شتگەلی هاوشێوە ڕوویان دەدا، بە شێوەیەکی سرووشتی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدوادا دەهات کە توند و تیژی و وێرانکاری لێ دەکەوتەوە)بیر لە کۆچبەرییە
مەزنەکەی کۆتاییەکانی ئیمبڕاتۆریەتی ڕۆمانی بکەوە(  ئەم دیمەنانە لە بار و دۆخی ئەمڕۆدا و لەگەڵ بوونی چەکی کۆمەڵکووژدا کە دەست زۆرێک لە  گەلان دەکەوێت، جەرگبڕن.
ئەوەی ئێمە لێرەدا فێری دەبین ئەوەیە کە ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەبێت هەمیشە ئامادەبێت کە لە ژیانێکی کۆچەرییانەدا بژی: گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکانییە خێراکان لە بواری ژینگەدا، دەکرێت وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی دەگمەن و بەرفراوانی لێ بکەوێتەوە. تاکە شتێک  ڕوون بێت ئەوەیە کە وا پێویست دەکات جارێکی دی سەروەری نیشتیمانی لە بنەڕەتەوە پێناسە بکرێتەوە و دابڕێژرێتەوە و هەروەها ئاستی نوێ لە هاوکاری لە سەر ئاستی جیهاندا دابهێنرێت. ئەی لە بارەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و گفتوگۆکانی لە مەڕ بارودۆخی نوێی کەش و هەوا و ئاو و کەمی ووزەوە؟ لە ڕیگەی چ جۆرە پڕۆژەیەکی بڕیارەوە، بڕیار لە بارەی ئەم گۆڕانکاریانەوە دەدرێت و جێ بە جێ دەکرێت؟ تابۆی زۆر هەن کە دەبێت لێرەدا بشکێندرێن و ژمارەیەک پێوەری ئاڵۆزیش هەن کە دەبێت وە ئەستۆ بگیرێن.
یەکەم، پێویستە ئەوروپا لەسەر تەواوی پابەندییەکانی خۆی سوور بێت بۆ دابینکردنی هۆیەکانی گواستنەوە و ژیان بۆ پاشماوەی پەنابەران. لێرەدا ڕەزامەندی دوولایەنە و هاریکاری بوونی نابێت: کۆچبەری بەرفراوان داهاتوومان دەستەبەر دەکات و تاکە چارەش بۆ بەجێهێنانی ئەمە، نوێکردنەوەی بەربەریەتە)ئەوەی کە پێی دەگوترێت" بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان("
دووەم، وەک دەرهاتەیەکی پێویست بۆ ئەم ئەرکە، پێویستە ئەوروپا خۆی ڕێکبخات و یاسا و ڕێسای ڕوون و ئاشکرای خۆی بسەپێنێت. کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئەم ڕێژە زۆرەی پەنابەرانەوە، پێویستە لە ڕێگەی تۆڕێکی حکومییەوە بکرێت و لە ژێر چاودێری یەکێتی ئەوروپادا پابەندی یاساکان بکرێن) ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە هەڕەشە و توند و تیژییە ناوخۆییەکان، هاوشێوەی ئەوەی لە ژێر دەستەڵاتی هەنگاریا و سلۆڤاکیادا ڕوودەدات.( پێویستە پەنابەران لە پارێزراو بوونیان دڵنیا بکرێنەوە و لە هەمان کاتدا ئەوەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە کە دەبێت بە هەر شوێنێک کە لە لایەن دەستەڵاتدارانی ئەوروپاوە بۆیان تەرخان دەکرێت ڕازی ببن و لەگەڵ ئەوەشدا رێز لە یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتە ئەوروپییەکان بگرن: چاو لە هیچ توند و تیژییەکی ئایینی، سێکسی و نەتەوەییەک نەپۆشریت جا لە هەر لایەکەوە بیت، کەس مافی ئەوەی نەبێت کە ئایین و شێوازی ژیانی خۆی بسەپێنێت، ڕێز لە ئازادی هەر تاکێک بگیرێت بۆ دەستهەڵگرتن لە نەریتە باوەکانی کۆمەڵگاو هتد. گەر مێینەیەک بڕیار بدات ڕووخساری خۆی دابپۆشێت، ڕێز لە بڕیارەکەی بگیرێت، بەڵام گەر بڕیاری دانەپۆشینی ڕووخساری بدات، ئەوا پێویستە گرنتی ئەو ئازادییەی بۆ بکرێت. ئەم کۆمەڵە یاسایە دەتوانێت شێوازی ژیان لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا بپارێزێت، بەڵام ئەوەش لەسەر میوانداریەتی ئەوروپاش دەکەوێت. ئەم یاسایانە مەرجە زۆر بە ڕوونی دابنرێت و خەڵکی پێوە پابەند بکرێت، وە گەر پێویستیشی کرد، بە زۆرە ملێ ئەو کارە بکرێت)ئەمەش لە دژی باوەڕدارە بیانییەکان و هەروەها ڕەگەزپەرستانی دژەپەنابەریش.(
سێیەم، پێویستە جۆرێکی نوێ لە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی درووست بێت: دەستێوەردانی ئابووری و سەربازی کە لە داوی داگیرکاری سەردەم لامان دەدات. ئەی لەبارەی هێزەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە گەرنتی ئاشتی لە هەریەکە لە لیبیا و سوریا و کۆنگۆ دەکەن؟
هەر لەبەرئەوەی کە ئەو جۆرە دەستێوەردانانە  زیاتر لە دەستێوەردانی سەردەمەوە نزیکە، خۆپارێزی توند پێویست دەبێت.
هەریەک لە کەیسەکانی عێراق و سوریا و لیبیا، ئەوە دەخەنە ڕوو کە شێوازی هەڵەی دەستێوەردان)لە عێراق و لیبیا( و دەستێوەرنەدان) لە سوریا، کە لە ژێر دەمامکی دەستێوەرنەدانەوە، هەریەک لە هێزە دەرەکییەکانی ڕووسیا و عەرەبستانی سعودیە و ئەمریکا، تەواو سەرقاڵن( بە هەمان کۆسپ دوایی دێت.
چوارەم، گرنگترین و سەختترین ئەرک، گۆڕانکاری ئابووری ڕادیکاڵانەیە کە مەرجە کۆتایی بەو بارودۆخە بهێنێت کە پەنابەر دێنێتە کایەوە. هۆکاری سەرەکی لە پشت درووست بوونی پەنابەرانەوە، هەر سەرمایەداریەتی جیهانی و گەمە جیۆپۆڵەتیکییەکانیەتی. گەر لە بنەڕەتەوە ئەمە نەگۆڕین، پەنابەران لە یۆنان و ووڵاتە ئەوروپییەکانی دیکەوە دەچنە پاڵ پەنابەرانی ئەفریقی. کاتێک من گەنج بووم، بەم جۆرە هەوڵە ڕێکخراوانە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا دەگوترا" کۆمیۆنیزم" ڕەنگە وا پێویست بکات جارێکی دی ئەمە دابهێنینەوە. ڕەنگە ئەمە، بە مانایەکی دی، تاکە چارەمان بێت.
ئایا ئەمە یۆتۆپیایە؟ ڕەنگە، بەڵام گەر ئەنجامی نەدەین، ئەوا بە تەواوی ون دەبین و شایستەی ئەوەشین.
}سلاڤۆژ زیزەک، فەیلەسوف و شیکەرەوەیەکی دەروونی سلۆڤینییە،  لێکۆڵەری پێشووی
پەیمانگەی زانستە مرۆڤایەتییەکانە لە کۆلێژی بریکبێک، لە زانکۆی لەندەن. پرۆفیسۆری وانەبێژ بووە لە زیاتر لە دە زانکۆی جیهاندا. ژیژەک نووسەری چەندین کتێبە لەوانە:
Living in the End Times, First as Tragedy, then as Farce, The Year of Dreaming Dangerioualy and Trouble in Paradise.
********
)*(پرۆفیسۆر تۆماس بارنێت کە یەکێکە لە گرنگترین وانەبێژە سەرەکییەکان لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە سێپتێمبەری 2001 ەوە هەستا بە چەند پێشخستنێک بەسەر بیردۆزی"  فەوزای درووستکەر" دا. ئەو پێشخستنانەشی بە ناونیشانی " نەخشەی پنتاگۆن" ەوە لە ساڵی 2004  دا ئاشکرا کرد کە بەم شێوەیەیە:
"بارنێت" وڵاتانی دونیا دەکات بە دوو بەشەوە، وڵاتانی سەنتەر کە مەبەست لێی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی و ووڵاتانی "درز یا کون یاخود بۆشایی" و دەڵیت: ئەو وڵاتانە وەک کونی ئۆزۆن وان. لە پێش ڕووداوەکانی یازدەی سێپتێمبەرەوە دیارنەبوون بەڵام ئێستا  ون نابن لە بەرچاو. ئەو وڵاتانەش ووڵاتانێکن کە تووشی دەستەڵاتی داپڵۆسێنەر هاتوون و ووڵاتانێک کە بە دەست نەخۆشی و هەژاری و کوشتنی بە کۆمەڵەوە دەناڵێنن و بە هۆی کێشە درێژخایەنەکانیانەوە وەک کێڵگەیەکیان لێهاتووە بۆ بەتاڵکردنەوەی نەوەی نوێ لە تیرۆریستان

Comments